رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، لە ماوەی نۆ رۆژی رابردوودا 11 کەشتیی گواستنەوەی نەوت لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕین بە رێڕەوی قەدەخەکراوی تەنگەی هورمزدا تەقیونەتەوە، و بەشێکیان سووتاون و ژێرئاو کەوتوون.
بەشی پەیوەندییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، ئەمڕۆ دووشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2026 لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە: "لە ماوەی نۆ رۆژدا 11 کەشتیی گواستنەوەی نەوت، بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینە دەریاییەکان لە کاتی تێپەڕینیان بە رێڕەوی قەدەخەکراودا تەقیونەتەوە؛ ئەم ژمارەیە تەنیا لە دوای سەردانە نمایشکارییەکەی براد کۆپەر، فەرماندەی سێنتکۆم بۆ تەنگەی هورمز تۆمارکراون."
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکانەوە، بەشێک لەو کەشتیانە بە تەواوەتی لە نێو ئاوەکانی کەنداودا نوقم بوون و بەشێکی دیکەشیان گڕیان گرتووە.
ئەم ئامارە نوێیەی تاران لە کاتێکدایە کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە چەند هەفتەی رابردوودا بەردەوام دووپاتیکردووەتەوە، تەواوی مینە دەریاییەکانی نێو رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی تەنگەی هورمزیان پووچەڵکردووەتەوە و هاتووچۆی کەشتیوانی پارێزراوە.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران هۆشدارییەکەی بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی و نەوت نوێکردەوە و داوای لێکردن بە رێڕەوی باشووری تەنگەکەدا تێنەپەڕن، چونکە ناوچەکە مینڕێژکراوە و جەختی کردەوە کە "باوەڕ بە بانگەشەکانی سێنتکۆم نەکەن."
تەنگەی هورمز بە گرنگترین رێگەی گواستنەوەی وزەی جیهان دادەنرێت؛ بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانی، پێش جەنگ رۆژانە نزیکەی 20٪ـی نەوتی هەناردەکراوی جیهان بەم تەنگەیەدا تێپەڕ دەبوو، بەردەوامیی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران لەم رێڕەوەشدا، کاریگەریی گەورەی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بیمەی کەشتیوانی لە بازاڕە جیهانییەکاندا دروستکردووە.


.jpg&w=3840&q=75)
