رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گفتوگۆ لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەری بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی. هاوکات سەرۆکی ئەمریکاش هەڕەشەی بۆردوومانکردنی ئەو بنکە ئەتۆمییانەی ئێران دەکات کە ماونەتەوە، لە سەروویانەوە چیای قوڵنگ لە نزیک نەتەنز.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "راوێژەکان لەبارەی پلانی دوو رۆژەکە بەردەوامن و لە قۆناخی جێبەجێکردندان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجامی کۆتایی؛ گەیشتن بە ئەنجام بەندە بە وەڵامی لایەنی بەرامبەر بۆ پرسیارەکانمان."
عێراقچی گوتی، شاندەکەی ئێران کە چوونەتە قەتەر لەسەر ئاستی بریکاری وەزیری دەرەوەیە و لە بنەڕەتدا هیچ بەرنامەیەک دانەنراوە بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکییەکان، بەڵکو تەنیا بۆ بەردەوامیدانە بە راوێژ لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەری.
هاوکات حەسەن قەشقاوی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران لەسەر زاری عێراقچییەوە گوتی: "ئێران سوورە لەسەر جێبەجێکردنی حەوت مەرجەکەی؛ ئەگەر لایەنی بەرامبەر وەڵامی ئەرێنی بداتەوە، بێگومان رۆژی دواتر تەنگەی هورمز دەکرێتەوە."
سێیەمین رۆژی دانوستاندن لە دەوحە
بەرپرسێکی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزی راگەیاندووە، دانوستاندنکارانی ئێرانی بۆ سێیەمین رۆژ لەسەریەک لە دەوحەن لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەری، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی ماوەی هەشت مانگە لە ناوچەکە بەردەوامە.
دانوستاندنەکان لە کاتێکدان ترسی ئەوە هەیە دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا جەنگ و پێکدادانەکان سەرهەڵدەنەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، پێش هەڵبژاردن هیچ هێرشێکی نوێ ناکەنە سەر ئێران، بەڵام ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دوای هەڵبژاردنی بە کراوەیی هێشتووەتەوە.
موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی شەممە فەرمانی بە هێزە چەکدارەکان کرد بە ئامادەیی تەواوەوە وەڵامی هەر هێرشێک بدەنەوە.
پێشتر قەتەر پێشنیازی پلانێکی حەوت رۆژەی کردبوو بۆ دروستکردنی متمانە، بەڵام تاران رەتیکردەوە و پێداگری لەسەر پلانێکی تایبەت دەکات کە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکان، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان و هەناردەکردنی نەوت دەگرێتەوە.
ترەمپ: تەنیا یەک یان دوو پێگەی ئەتۆمی ماون
دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی لە فلۆریدا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دانوستاندنەکان بە باشی دەڕۆن، بەڵام ئێرانییەکان جێگەی متمانە نین؛ رێککەوتن دەکەن و دواتر پاشگەز دەبنەوە. ئێمە هێزی دەریایی، ئاسمانی و بەرگریی ئەوانمان تێکشکاندووە و توانای ئەتۆمییەکانیشیان لەناوبراون، تەنیا یەک یان دوو پێگە ماون کە ئەوانیش دەتوانین لە 10 خولەکدا لێیان بدەین."
ترەمپ ئاماژەی بە بنکەی ژێرزەمینیی چیای قوڵنگ کرد لە نزیک نەتەنز. ئەمە لە کاتێکدایە ئێران رەتیدەکاتەوە هیچ چالاکییەکی ئەتۆمی لەو شوێنەدا هەبێت.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "راستەوخۆ"ی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو کردووە. نەتەنیاهوو داوای لێکردووە راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی نیوەخول هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە، بەڵام ترەمپ دەیەوێت لەم کاتەدا دەرفەت بە دانوستاندن بدات.
گەمارۆی دەریایی و دۆخی هورمز
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی گەمارۆدانی ئێران، تاوەکو 31ـی ئۆکتۆبەر ئاراستەی 144 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتن بەشدارە لە جێبەجێکردنی گەمارۆکەدا.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە ئێکس نووسیویەتی: "هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی، بێجگە لە نەوتی ئێران؛ جیهان دەتوانێت بەبێ نەوتی ئێران بژی، بەڵام ئێران ناتوانێت بەبێ هەناردەی نەوت بژی."
لە بەرامبەردا، حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران رەتیکردەوە کە ئەمریکا توانیبێتی تەنانەت بۆ چەند کاژێرێکیش تەنگەی هورمز بکاتەوە و تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانیش بڵاویکردەوە، کەشتییەک لە تەنگەکە بەر مین کەوتووە و ئاگری گرتووە.

