رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای ئێران (ئەرتەش) دەڵێت، ئێران فڕۆکەی جەنگیی زۆر پێشکەوتووی سوخۆ-35ـی لە رووسیا کڕیوە و دوای جەنگ وەریاندەگرێت.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، محەممەد ئەکرەمینیا، گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران رایگەیاند: "بابەتی سوخۆ-35 لە چەند ساڵ لەمەوبەرەوە باسی لێدەکرێت و ئێمە لە چەند ساڵ پێشەوە کارەکانمان ئەنجام دابوو. ئەو کارە سەرەتاییانەی کە پێویست بوو ئەنجام دران، چ لە بواری کڕین و واژۆکردنی گرێبەست کە لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لە دەرەوەی ئەرتەش و لە نێو ئەرتەشدا بەدواداچوونی بۆ کرابوو. لە بواری راهێنانی فڕۆکەوانەکانیش کارەکان کرابوون و هیچ کێشەیەک لەم بوارەدا نەبوو."
محەممەد ئەکرەمینیا گوتی: "بەر لە جەنگ بڕیار بوو ئەم فڕۆکانە بگەن. ئێمە بێگومان دوای جەنگ ئەم فڕۆکانە وەردەگرین و توانای هێزی ئاسمانیی خۆمان بەرز دەکەینەوە."
گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران روونیکردەوە: "یەکێک لە بەرنامەکانی ئێمە هەر ئەمەیە کە فڕۆکەی پێشکەوتووی وەک سوخۆ-35 بهێنینە نێو چەک و تەقەمەنییەکانی خۆمانەوە. ئێمە لە ناوخۆشدا پێشکەوتنی باشمان هەبووە. بەڵام کڕین و دابینکردنی چەک و تەقەمەنی لە دەرەوە، بە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانەوە نزیکتر دەبێت. پشتیوان بە خودا هێزی ئاسمانیی ئێمە، واتە هێزی ئاسمانیی ئەرتەش، دوای جەنگ بە فڕۆکە و کەرەستەی پێشکەوتووەوە دەردەکەوێت."
لانیکەم پێنج ساڵە فەرماندە سەربازییەکانی ئێران باسی کڕینی سوخۆ-35 لە رووسیا دەکەن. لە گەرمەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بەو وڵاتە، هەندێک لە بەرپرسانی سەربازیی ئێران هەواڵی وەرگرتنی ژمارەیەک لەم فڕۆکە جەنگییانەیان دا، بەڵام گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران دەڵێت، رووسیا ئامادە نەبووە لە کاتی جەنگدا ئەو فڕۆکانە رادەست بکات و تاوەکو ئێستا وەرگرتنیان نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە.


.webp&w=3840&q=75)