رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی تووندی دایە تاران لە هەر کردەیەکی "دووژمنکارانە" و گوتی، زانیاریی هەواڵگرییان لەبەردەستدایە لەبارەی هەوڵی ئێران و هاوپەیمانەکانی بۆ تێکدانی هەڵبژاردنەکانی رۆژی سێشەممەی ئیسرائیل، هاوکات گوتی: "تاقیمان مەکەنەوە".
رۆژی یەکشەممە 25-10-2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرتەیەکی ڤیدیۆیی نەتەنیاهووی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێ: "نیشانە و زانیاریی هەواڵگریمان لەبەردەستدایە کە دووژمنانمان؛ ئێران و گرووپە بەوەکالەتەکانی، رەنگە لە رێگەی هێرشەوە هەوڵی تێکدانی هەڵبژاردن بدەن." نەتەنیاهوو هۆشداریشی دا: "تاقیمان مەکەنەوە، گورزێکی هێندە قورس و بێوێنەتان بەردەکەوێت کە هاوسەنگ نابێت لەگەڵ کردەکانتاندا." ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئیسرائیل بۆ هەردوو ئۆپەراسیۆنی بەرگری و هێرشکردن لە ئامادەیی تەواودایە.
پێش بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەش، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وێنەیەکی دروستکراوی ژیریی دەستکردی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە کە گوڕی بۆمبێکی ئەتۆمی لە ئاسمانی تەلئەڤیڤ پێشاندەدات، لەگەڵ دەقێکی شرۆڤەکارێکی باڵی راستڕۆ کە تێیدا هاتووە، ئێران "هەڕەشەیەکی مان و نەمانە" بۆ سەر ئیسرائیل و تەواوی پرسەکانی دیکەی ئەم وەرزەی هەڵبژاردن لە چاو ئەو مەترسییەدا زۆر بێبایەخن.
نەتەنیاهوو، کە درێژترین ماوەی سەرۆکوەزیرانی لە مێژووی ئیسرائیلدا تۆمارکردووە، لە دوا رۆژەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە تەواوی باسی دۆسیەی ئەمنی و سەربازی کردووە؛ بەتایبەت ئەو جەنگەی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا شانبەشانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژی ئێران دەستیپێکرد و بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات تەنیا ئەو دەتوانێت ئەم جەنگە بە سەرکەوتوویی یەکلا بکاتەوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردووش، نەتەنیاهوو رایگەیاندبوو، فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کردووە بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئایینیی ئێران؛ رۆژێک پێشتریش گرتەیەکی ڤیدیۆیی خۆی لە بەردەم فڕۆکەیەکی جەنگیدا بڵاوکردەوە لە کاتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە تێیدا گوتبووی، پێکەوە "ئەرکەکە کۆتایی پێدەهێنین".


