رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، ئەگەر بەرپرسانی ئێران لەگەڵیان رێکنەکەون، ئەوا لەوانەیە هێرشێکی دیکە بکرێتەوە سەر وڵاتەکەیان.
رۆژی هەینی، 23ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا قسەی بۆ لایەنگرانی پارتەکەی لە ویلایەتی فلۆریدا کرد و لە بەشێکی گوتەکانیدا باسی ئێرانی کرد و گوتی: "دەکرێ ئۆپەراسیۆنێکی بچووکی دیکەی تووڕەیی داستانئاسا ئەنجام بدەین، یانیش ئەوان رێکدەکەون".
رۆژی 28ی شوباتی ئەم ساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی هاوبەشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. ئەمریکا ئۆپەراسیۆنەکەی ناونا (تووڕەیی داستانئاسا).
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی سەرکردەکانی ئێران قسەی کرد و رایگەیاند: "ئەگەر ئەوان ژیر بن، دەڵێن، با رێکبکەوین، بەڵام گومانم هەیە ئەوە بکەن، چونکە لەوانەیە ژیر نەبن".
گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی وڵاتەکە بۆ عێراق و سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا و لە وەڵامی پرسیاری: "ئایا دەکرێ لە کۆتایی ئەم هەفتەیە (سبەی یان دوو سبەی) هێرش بکرێتەوە سەر ئێران؟" گوتی، "بێگومان، بەڵێ دەکرێ."
بەڵام نێردەکەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی واشنتنیش کرد و رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ زۆر روون بووە. سەرۆک ئامادەیە و دەرگای بۆ رێککەوتن واڵایە".



