رووداو دیجیتاڵ
دوو کەشتی لە کەنداو کرانە ئامانج، یەکەمیان کەشتی جی ئی ئێم 2 بوو لە نزیک کەناراوەکانی ئیمارات و کەشتییەکەی دیکەش لە نزیک ناوچەی لیمای عومان کرایە ئامانج.
رۆژی هەینی، 23ی تشرینی یەکەمی 2026، بەرپرسانی ئیمارات بەئامانجگرتنی کەشتییەکە و دزەکردنی نەوتیان لێیەوە پشتڕاستکردەوە. هاوکات سەنتەری چاودێریی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا پێکرانی کەشتییەکەی دیکەی لە نزیک کەناراوەکانی عومان لە تەنگەی هورمز راگەیاند.
هێرشکردنە سەر جی ئێم2 و دزەکردنی نەوت بۆ کەناراوەکانی ئیمارات
کەشتیی جی ئێم 2 ئاڵای پەنەمای لەسەر بووە و خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای گڵۆباڵ ئینێرجی ماریتایمی تایوانی دەگەڕێتەوە. کەشتییەکە لە نزیک کەناراوەکانی ئیمارات بە تەقەمەنی کرایە ئامانج و گڕی گرت.
کەشتییەکە سەرقاڵی گواستنەوەی نەوت بووە.
وەزارەتی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەی ئیمارات بڵاویکردەوە، نەوت لەو کەشتییەوە دزەی کردووەتە کەناراوەکانی ئومل قەیوەین لە باکووری دووبەی.
وێنەی مانگی دەستکردەکان دەری دەخەن کە پەڵە نەوتەکە بە درێژایی نزیکەی 40 کیلۆمەتر و بە رووبەری 190 کیلۆمەتری چوارگۆشە بڵاوبووەتەوە و تاوەکو 6 کیلۆمەتر لە کەناراوەکان نزیک بووەتەوە.
ئەم رووداوە بووە هۆی داخرانی تەواوەتیی کەناراوەکانی ئومل قەیوەین و کەناراوی حەمرەییە لە شاریقە؛ هاوکات دانیشتووانی ناوچەکانی دووبەی و شاریقە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیان لە بڵاوبوونەوەی بۆنێکی کیمیایی کرد.
پسپۆڕانی ژینگە هۆشداری دەدەن کە ئەگەر نەوتەکە خاوی قورس بێت، دەبێتە هۆی زیانێکی مەترسیدار بۆ سەر ژینگەی دەریایی و باڵندە و کیسەڵە ئاوییەکان.
بە ئامانجگرتنی کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لە نزیک کەناراوەکانی عومان
بەپێی هۆشدارییەکی فەرمیی دەزگای ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، رۆژی پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە کاژێر 17:15 بە کاتی گرینیچ (کاژێر 20:15 خولەک بە کاتی هەولێر) هێرش کراوەتە سەر کەشتییەک لە نزیک کەناراوەکانی عومان.
رووداوەکە لە دووریی 11 کیلۆمەتری دەریایی لە باکووری رۆژهەڵاتی ناوچەی لیما لە عومان تۆمارکراوە.
بەپێی راپۆرتی ئەفسەری ئاسایشی کۆمپانیاکە، لە کاتێکدا کەشتییەکە خەریکی دەرچوون بووە لە تەنگەی هورمز، تەنێک بەری کەوتووە. سەرەڕای لێکەوتنی زەبرەکە، کەشتییەکە توانیویەتی بەردەوامی بە گەشتەکەی بدات بەرەو بەندەری داهاتووی لە کەناراوەکانی باشووری عومان.
سەنتەرەکە هۆشداریی داوەتە تەواوی کەشتییەکان کە بە وریاییەکی زۆرەوە بەو ناوچەیەدا تێپەڕن و لە کاتی بینینی هەر جووڵەیەکی گوماناویدا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداربکەنەوە.
هێرشی سەر کەشتییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی و ئیسرائیل وەڵامیدانەوە.
لە 2ی ئاداریشەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخست و ئەمەش بووەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا. رۆژێک پێش دەستپێکی جەنگ بەرمیلێک نەوت بە 72 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بە 115 دۆلاری ئەمریکییە.
تاران هەڕەشەی لەو کەشتییانە کردووە کە بەبێ رەزامەندی سوپای پاسداران بە تەنگەکەدا تێدەپەڕن. لە بەرامبەردا واشنتن هانی کەشتییەکان و کۆمپانیاکانی گواستنەوە دەدات کە بە رێڕۆی باشووری تەنگەکەدا بڕۆن کە نزیکە لە کەناراوەکانی عومان.
بە گوێرەی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، لە دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە 120 هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و ناوچەی کەنداو؛ 32یان کەشتیی زەبەلاحی گواستنەوەی نەوت، 20یان کەشتیی گواستنەوەی بەرهەمە کیمیاییەکان و 19ی دیکەشیان کەشتیی ئاسایی گواستنەوەی نەوت بوون.



