رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی سوپای ئێران دەڵێت، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتەوە سەر ئێران، بە ''گورزێکی کوشندە'' وەڵامی دەدرێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''پێچەوانەی ئەو جەنگە دەروونییەی ئەمریکا دەیکات، سوپایەکی لاوازی هەیە و توانا سەربازییەکانی دەکرێنە ئامانج''.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-11-2026، ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران (ئەرتەش) لە پەراوێزی بەسەرکردنەوەی پێشانگەی پاشماوەی درۆن و مووشەکەکانی ئەمریکا کە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەوە کراونەتە ئامانج، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''ئامادەکاریی نوێمان کردووە و هەر دەستدرێژکارێک جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەرمان، رووبەڕووی زیانی قورسترو گورزێکی کوشندەتر دەبێتەوە''.
ئەمیر حاتەمی ئاماژەی بە زیانەکانی ئەمریکا کرد لە جەنگدا و گوتی: ''دووژمن پێچەوانەی ئەو وێنەیەی کە بە شەڕی دەروونی و زانیاریی هەڵە لەسەر هێز و تێکنەشکانی خۆیەوە دەریدەخات، لاوازە و کەرەستە سەربازییەکانی لە گۆڕەپانی جەنگدا دەکرێنە ئامانج''.
لە پێشانگەکەدا، ژمارەیەکی زۆر لە مووشەک و درۆنی تێکشکێنراوی ئەمریکا نمایش کراون کە بەگوتەی فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران، لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سوپاکەوە کراونەتەوە ئامانج.
سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا بەردەوام رەتیکردووەتەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات، لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە کە 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە رێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە، 56 درۆنی MQ9 و 14 درۆنی MQ1ـی ئەمریکی لە ئاسمانی تەنگەی هورمز و باشووری وڵاتەکە خراونەتە خوارەوە کە لە پێشکەوتووترین درۆنەکانی سیخوڕی و هێرشبەرین.

.webp&w=3840&q=75)
