رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی ئیلام دەڵێت، لە حەوت مانگی رابردوودا لانیکەم یەک ملیۆن و 300 هەزار تۆن کاڵا بە دەروازەی سنووریی میهراندا هەناردە کراوە، کە دەکاتە 560 ملیۆن دۆلار.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-10-2026، سۆهراب کەمەری، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە نەورۆزەوە (21-03-2026) لانیکەم 61 هەزار بارهەڵگر، یەک ملیۆن و 300 هەزار تۆن کاڵایان بە دەروازەی سنووریی میهراندا بۆ عێراق گواستووەتەوە.
بەگوتەی سۆهراب کەمەری، بەهای کاڵا هەناردەکراوەکان دەگاتە زیاتر لە 560 ملیۆن دۆلار.
وەک بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ئیلام گوتی، ئەو کاڵایانەی هەناردەی عێراق کراون بریتین لە: بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەروبووم و ئامێری کشتوکاڵی، کەرەستەی بیناسازی، کاشی، شووشە، شیش و ئاسن.
دەروازەی سنووریی میهران بە دووری 85 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام و لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی (زڕباتیە)یە.
دەروازەکە یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و عێراقە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هەروەها بەهۆی نزیکی لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، زۆرترین زیارەتکار هاتووچۆی پێدا دەکەن.



