رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ، لە ماوەی جەنگدا، هەزار و 500 کەس لە ستافی مووشەکیی ئێران لە ئەنجامی هێرش و بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، مەسعود پزیشکیان، لە رێوڕەسمی رێزلێنان لە پەرەستاران لە تاران گۆتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا باسی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، ناتوانن بە بۆمب و مووشەک ئێران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکەن.
مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بە تەقاندنەوەی سیستمەکانی هەڵدانی مووشەکی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کرد و رایگەیاند، لە ماوەی جەنگدا هەزار و 500 کەس لەو کەسانەی لەسەر سیستەمەکانی هەڵدانی مووشەک کاریان دەکرد، لە ئەنجامی هێرش و بۆردوومانەکاندا کوژراون.
پزیشکیان گوتی: "1500 کەس لەوانەی لەسەر موشەکهاوێژەکان بوون شەهید بوون؛ ئەم کەسانە تەنانەت چەندین مانگ بوو لە حەشارگەکانیان نەهاتبوونە دەرەوە و چەندین مانگ بوو نەچووبوونەوە بۆ ماڵەوە؛ کەچی ئێستاش کۆمەڵێک کەس لەناو کۆمەڵگەدا مفتەخۆڕن. ئێمە لە کام لای ئەم حەشیمەتەوە وەستاوین؟ دەمەوێت لە لای ئەو کەسانە بم کە بە شکۆ و سەربەرزییەوە بەرگری لە یەکپارچەیی ئەم وڵاتە دەکەن."
بەگوتەی مەسعود پزیشکیان، ئێران لە چەندین بواردا رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە، بەتایبەت لە پرسی دابینکردنی کارەبا، گاز و بەنزین کورتهێنانیان هەیە.
پزیشکیان گوتی:"لێکدانەوەی دوژمنان وابوو کە بەهۆی هەبوونی ناهاوسەنگی و کێشە کەلەکەبووەکان لە وڵاتەکەماندا، ئەگەر هێرش بکەن، کۆمەڵگە لەبەریەک هەڵدەوەشێت، بەڵام خەڵکی ئێمە وەستانەوە و نەخشە و پیلانەکانیان پووچەڵ کردەوە."
سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "بە بۆمب و مووشەک ناتوانرێت کۆمەڵگەیەک ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکرێ، بەڵام ئەگەر لە نێوخۆدا تووشی ناکۆکی و دووبەرەکی ببین، دووژمن بە ئامانجی خۆی دەگات."
پزیشکیان جەختی لەسەر پاراستنی یەکڕێزیی لە نێوخۆی ئێران کردەوە و رایگەیاند: "من زۆر قسەم لە دڵدایە کە دەتوانم بیانکەم، بەڵام لەبەر پاراستنی یەکڕیزیی وڵات، هەوڵم داوە ئەو قسانە نەکەم کە تەبایی و یەکگرتوویی ناوخۆ تێکدەدەن. هەرچەندە کەسانێک هەن زۆر بە ئاسانی گورز لەم یەکڕیزییە دەوەشێنن."
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 دەستپێکرد و دوای 40 رۆژ شەڕ، لە 8ـی نیسان ئاگربەست راگەیێندرا و دواتریش دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا دەستیانپێکرد.
ئەمریکا و ئێران لە 18ـی حوزەیرانی 2026 لێکتێگەیشتنێکی کاتییان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کرد، بەڵام هەر یەک لە تاران و واشنتن یەکتر بە پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکە تۆمەتبار دەکەن.



