رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران دەڵێت، تەنگەی هورمز داخراوە و بەبێ هاوئاهەنگیی ئەوان، رێگە بە تێپەڕینی هیچ کەشتییەک نادرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''هیچ وڵاتێک کەرەستەی سەربازیمان پێ نافرۆشێت''.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-10-2026، حەبیبوڵڵا سەیاری، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران (ئەرتەش) بۆ کاروباری رێکخستن، لە رێوڕەسمی رۆژی پەرستاردا رایگەیاند: ''لە بواری سەربازییەوە پشتمان بە کەرەستە نێوخۆییەکان بەستووە و هیچ وڵاتێک کەرەستەی سەربازیمان پێ نافرۆشێت''.
بەگوتەی حەبیبوڵڵا سەیاری، لە داهاتووشدا دەتوانن بە پشتبەستن بە توانای نێوخۆیی، لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوەستنەوە.
جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ئاماژەی بە دۆخی تەنگەی هورمز کرد و گوتی: ''ئەو رێڕەوە ئاوییە بە تەواوی داخراوە و ئەگەریش هەر هاتووچۆیەک بکرێ، دەبێ بە هاوئاهەنگیی ئێمە بێت''.
حەبیبوڵڵا سەیاری هۆشداریش دەدات، تێپەڕینی هەر کەشتییەک بەبێ هاوئاهەنگیی ئەوان بە تەنگەی هورمزدا، دەبێتە هۆی ''گڕگرتن، تەقینەوە و نوقمبوون''ـی.
قسەکانی سەیاری لەکاتێکدان گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە بەردەوامە و دوێنێ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، 6ی تشرینی یەکەم بەلەمێکی پەیوەندیدار بە ئێرانیان تێکشکاندووە کە خەریکی چاودێریکردن و دەستنیشانکردنی کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا بووە لە دەریای عومان.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، تاران وەک ستراتیژێکی جەنگەکە تەنگەی هورمزی داخست.
داخرانی تەنگەی هورمز و جەنگەکە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دانا. رۆژی دەستپێکی جەنگ بەرمیلێک نەوت بە 72.5 دۆلار بوو، بەڵام دواتر گەیشتە 120 دۆلار.
هەرچەندە ئەمریکا بانگەشەی کرانەوەی تەنگەی هورمز دەکات، بەڵام ناوە ناوە بەهۆی بەرکەوتنی مینی دەریایی ئێران، کەشتییەکان تووشی زیان دەبن.



