رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، لە سەرجەم پرسە نێوخۆییەکاندا تووشی کێشە هاتوون. دەشڵێت: ''رێگەی هاوردەی کاڵامان لێ گیراوە، پارەشمان هەبێت، ناتوانین بەنزین هاوردە بکەین''.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-10-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە رێوڕەسمی رۆژی پەرستاردا لە تەورێز، گوتارێکی پێشکێشکرد و سەبارەت بە دۆخی وڵاتەکەی رایگەیاند: ''لە هەموو پرسەکاندا رووبەڕووی کێشەی زۆر بووینەتەوە''.
بەگوتەی مەسعود پزیشکیان، ئێران لە پرسی دابینکردنی بەنزین، کارەبا و گاز کورتهێنانیان هەیە، هەروەها لە کەرتی خانووبەرە، میکانیزمی پارەدان و پشکی تاک لە تەندروستیدا تووشی کێشە بوون.
سەرۆککۆماری ئێران باسی لە ''خۆڕاگری''ـی وڵاتەکەی کرد لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکادا و گوتی: "بە بۆمب و مووشەک ناتوانرێت کۆمەڵگەیەک ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکرێ، بەڵام ئەگەر لە نێوخۆدا تووشی ناکۆکی و دووبەرەکی ببین، دووژمن بە ئامانجی خۆی دەگات."
یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی ئێران، دابینکردنی پێداویستیی بەنزینی رۆژانەیە کە بەهۆی بۆردوومان و گەمارۆکانەوە، تووشی کورتهێنان بوون. مەسعود پزیشکیان دەڵێت: "رێگەیان لێ گرتووین و تەنانەت ئەگەر پارەشمان هەبێت، توانای کڕینی بەنزینمان نییە."
قسەکانی پزیشکیان لەکاتێکدان، لە جەنگی 40 رۆژەدا کە 28ـی شوباتی ئەم سال دەستیپێکرد، زۆربەی کۆگەکانی سووتەمەنی و ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کران.
هەروەها ئەمریکا گەمارۆیەکی قورسی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران و رێگە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی وڵاتەکە، هەناردەی نەوت و هاوردەکردنی بەنزینی پێ نادرێت.
لە بەرامبەردا ئێرانیش لە 2ـی ئادارەوە بانگەشەی داخرانی تەنگەی هورمز دەکات و هۆشداری دەدات، هەر کەشتییەک بەبێ هاوئاهەنگیی ئەوان بە رێڕەوە ئاوییەکەدا هاتووچۆ بکات، تێکیدەشکێنن.



