رووداو دیجیتاڵ
دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (شا خالید) لە ریازی پایتەختی سعودیە بیسترا و بە گوتەی شایەتحاڵان، فڕۆکەخانەکە چۆڵکراوە و کەسێکیش بریندار بووە.
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسەکانی رۆیتەرز و فرانس پرێس، لە زاری شایەتحاڵان و سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویانکردەوە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە و فڕۆکەخانەکە چۆڵکراوە، هاوکات زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
بریندارەکە گوتوویەتی، بەهۆی شکانی جامەوە، شان و قۆڵی بریندار بووە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید، داوای لە گەشتیاران کردووە، پێش ئەوەی بچنە فڕۆکەخانە، پەیوەندی بە هێڵە ئاسمانییەکانەوە بکەن و لە کاتی گەشتەکانیان دڵنیاببنەوە.
دەسەڵاتدارانی سعودیە، تاوەکو ئێستا بە فەرمی رووداوەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. حوسییەکانیش بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هیچ هێرشێک بۆ سەر سعودیە رانەگەیاندووە.
هەر ئەمڕۆ هێڵی ئاسمانیی کوێت رایگەیاند، دوو گەشتی نێوان کوێت و ریازی هەڵوەشاندووەتەوە "بەهۆی داخرانی فڕۆکەخانە و رەوشی ئەمنییەوە."
زانیارییەکانی ماڵپەڕی (فلایت رادار) بۆ بەدواداچوونی گەشتە ئاسمانییەکان دەریدەخەن، جووڵەی فڕین و نیشتنەوە لە فڕۆکەخانەی (شا خالید) تێکچووە؛ بەجۆرێک نزیکەی 29%ی گەشتەکان دواکەوتوون و 34%یشیان هەڵوەشێندراونەتەوە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، لەم هەفتەیەدا چەند هێرشێک کرانە سەر فڕۆکەخانەکانی سعودیە و حووسییەکان بەرپرسیارێتیی خۆیان لە ئەنجامدانیان راگەیاند.
رۆژی 8ـی مانگ، لە دوو هێرشدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی (شا خالید) سێ کەس گیانیان لەدەستدا. رۆژانی 6و7ـی مانگیش، لە هێرشکردنە سەر هەمان فڕۆکەخانە و فڕۆکەخانەی ئەبها، سێ کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا.

