رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ئیمارات راگەیێندراوێکی سەبارەت بە دوایین لێکۆڵینەوەکانیان لەگەڵ ئەو فڕۆکەوانە عومانییە بڵاوکردەوە کە رۆژی 30ی ئەیلوول لەگەڵ فڕۆکەوانی فڕۆکەیەکی فلای دووبەی بەشەڕهات کە لە ئیماراتەوە بەرەو ئیسرائیل دەچوو، بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، فڕۆکەوانەکە دانی بەوەدا ناوە کە ویستوویەتی فڕۆکەکە بڕفێنێت و فڕۆکەکە بە تێرمیناڵی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆندا بکێشێت.
رۆژی هەینی، 9ی تشرینی یەکەمی 2026، داواکاری گشتیی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "فڕۆکەوانە عومانیەکە پلانی دانابوو فڕۆکەکە بڕفێنێت و هێرشێکی خۆکوژی بکاتە سەر تێرمیناڵێکی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە بە تەنیا کارەکەی کردووە، بەڵام دەسەڵاتداران سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە بوونی هاوکار یان ئەگەری پەیوەندی لەگەڵ لایەنی دیکە".
رووداوەکە لە 30ی ئەیلوولی 2026 و لە کاتی گەشتێک لە دووبەیەوە بۆ تەلئەڤیڤ روویدا، پێش ئەوەی فڕۆکەکە بە ناچاری لە (تەبووک)ی سعودیە بنیشێتەوە. فڕۆکەوانەکە ناوی هەمام هەمامییە و پلەکەی یاریدەدەری فرۆکەوانییە و تەمەنی 29 ساڵە.
لە کاتی گەشتەکەی بەرەو تەلئەڤیڤ، هەمام هێرشی کردە سەر کاپتنی فڕۆکەکە و هەوڵی دا کۆنترۆڵی تەواوەتیی فڕۆکەکە بگرێتە دەست. نزیکەی 160 سەرنشین لەنێو فڕۆکەکە بوون و زۆرینەشیان هاووڵاتیی ئیسرائیل بوون.
بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئیماراتی، سەرنشینانی نێو فڕۆکەکە توانیویانە دەستوەردان بکەن و رێگری لێبکەن، تاوەکو فڕۆکەوانێکی دیکە جڵەوی فڕۆکەکەی گرتووەتە دەست و بە ناچاری لە خاکی سعودیە نیشتووەتەوە.
لە دوای رووداوەکەوە بەرپرسانی تەلئەڤیڤ پەنجەی بەشداری تارانیان لە کارەکەی هەمام هەمامیدا راکێشا، ئەمە بەبێ ئەوەی بەڵگەی پشتڕاستکراوە بخەنەڕوو.

