رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن هۆشداری لە "ئەگەری بوونی مەترسی" دا و داوای لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکەی کرد بەرەو نزیکترین شوێنی سەلامەت بچن؛ هاوکات میدیای ئێران بڵاویکردەوە، دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا لەو وڵاتە بە مووشەک و درۆن کراونەتە ئامانج.
ئێوارەی رۆژی شەممە 21-11-2026، وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن لە راگەیێندراوێکدا لە زەنگی ئاگادارکردنەوەی کارا کرد و رایگەیاند: "ئاگاداری لە بوونی ئەگەری مەترسی دەدەین؛ داوا لە هاووڵاتییان و دانیشتووان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن، بەرەو نزیکترین شوێنی سەلامەت بچن و زانیارییەکان تەنیا لە کەناڵە فەرمییەکانەوە وەربگرن."
هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن جۆری مەترسییەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەم هۆشدارییە سێ رۆژ دوای ئەوە دێت کە فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی بەرگریی بەحرێن رایگەیاندبوو سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییان بەرپەرچی ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی ئێرانیان داوەتەوە.
لە بەرامبەردا، میدیای ئێران و کەناڵە نزیکەکان لە سوپای پاسداران بڵاویانکردەوە، هەردوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەی (جوفەیر) کە بارەگای کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکایە، لەگەڵ بنکەی (شێخ عیسا) لە بەحرێن بە سێ مووشەکی بالیستی و دوو درۆن کراونەتە ئامانج. هەروەها میدیای ئێران وێنەیەکیان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە هی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەحرێنە لە دوای هێرشەکە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی (فارس)ـی ئێرانی بڵاویکردەوە، لە شاری (سیریک)ـی باشووری ئێران دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە کە لە ئاراستەی دەریاوە هاتووە.



