رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، کەشتییەکی گواستنەوەی گازی شل (LPG)یان لە باشووری تەنگەی هورمز کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە گڕی گرتووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، کەشتییە بەئامانجکراوەکە ناوی ئێن ڤی سەنشاینە و "بەنیاز بووە لە رێگەیەکی نایاساییەوە لە باشووری تەنگەی هورمزەوە تێپەڕێت،" بەڵام کراوەتە ئامانج و لە ژووری بزووێنەر و سیستمی جووڵانیدا "ئاگری گەورە کەوتووەتەوە."
سوپای پاسداران دەڵێ، "بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی ئەم رووداوانە و زیاتربوونی گرژییەکان لە گواستنەوەی دەریایی ناوچەکە لە ئەستۆی سوپای دەستدرێژیکاری ئەمریکایە، کە لە رێگەی دەستوەردان، فریودانی کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و بیمە و پێدانی بەرتیلی گەورەوە دەبێتەهۆی ئەم جۆرە رووداوانە."
سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و دەڵێ، هەر کۆمپانیایەک لەلایەن ئەمریکاوە "هەڵبخەڵەتێنرێ"، رێکاری بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمزیان لەدەستدایە و رێگە بە هێزەکانی ئەمریکا نادەن لەو ناوچەیەدا بن.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لەمەودوا مامەڵەکردن لەگەڵ کەشتییە سەرپێچیکارەکان تەنیا لە تەنگەی هورمزدا قەتیس نابێ، بەڵکو هەر کەشتییەک بە رێڕەوی نایاساییدا تێپەڕێ، لە سەرتاسەری ناوچەکەدا بەدواداچوونی بۆ دەکرێ."
رۆژی پێنجشەممە کۆمپانیای کیپلەر - کە تایبەتە بە داتا و چاودێریکردنی کەشتیوانی، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ژمارەی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی کیپلەر، سەرەڕای ئەوەی کەشتییەکان بۆ خۆپاراستن پەنایان بۆ "تێپەڕینی تاریک" بردووە (واتە کوژاندنەوەی ئامێرەکانی شوێنپێهەڵگرتن و سیستمی دیاریکردنی شوێن)، بەڵام لەنێوان 28ـی ئەیلوول بۆ 4ـی تشرینی یەکەم، 10 کەشتی لە تەنگەکەدا کراونەتە ئامانج، ئەمەش زۆر لە سەرووی ژمارەی پێوانەیی هەفتانەی پێشووە کە شەش هێرش بوو لە هەفتەیەکدا.
.jpg&w=3840&q=75)


