رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، تەنگەی هورمز لە بنەڕەتدا کراوەتەوە و هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دەستیپێکردووەتەوە. هاوکات جەخت دەکاتەوە هەموو ئەو کارتە گوشارانەی لە دەستی ئێراندا مابوونەوە، لەم نزیکانەدا بە تەواوی لەنێودەچن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026، جەیمسن گریەر لە چاوپێکەوتنێکی راستەوخۆدا لەگەڵ کەناڵی (سی ئێن بی سی)ی ئەمریکی رایگەیاند، کەشتییەکان دووبارە لە تەنگەی هورمزەوە دەپەڕنەوە و گوتی: "وڵاتان یەکدەگرن بۆ ئەوەی رێگەی جێگرەوە بە دەوری تەنگەی هورمز و بە دەوری ئێراندا بدۆزنەوە."
نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا دەستخۆشی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد بۆ رێگریکردن لە پێشکەوتنی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران و گوتی: "سەرۆک ترەمپ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی بە تەواوی پاشەکشە پێکرد، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەموو جیهان."
گریەر ئاماژەی بەوەش کرد، تاران چیدیکە ناتوانێت تەنگەی هورمز وەکو چەکێک دژ بە ئابووریی جیهان بەکاربهێنێت، چونکە هەم هاتووچۆی کەشتیوانی دەستیپێکردووەتەوە و هەم وڵاتانیش رێگەی نوێ بۆ دەربازبوون لە هەڕەشەکانی ئێران بەکاردەهێنن.
سزای نوێ بەسەر ئەو وڵاتانەی هاوکاریی تاران دەکەن
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گریەر ئاشکرای کرد، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا خەریکی تووندکردنەوەی زیاتری سزاکانە، نەک تەنیا لەسەر خودی ئێران، بەڵکو لەسەر ئەو وڵاتە سێیەمانەش کە هاوکاریی تاران دەکەن و یارمەتیی دەدەن بۆ دەربازبوون لە سزاکان.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی گەنجینە لە چوارچێوەی هەڵمەتی سەپاندنی زۆرترین گوشاری ئابوورییە بەسەر ئێراندا تاوەکو سەرچاوەکانی داهاتی ئەو وڵاتە بە تەواوی وشک بکات.
تەنگەی هورمز لەنێوان کەنداو و دەریای عومان، بە گرنگترین رێڕەوی ئاویی هەناردەکردنی نەوت لە جیهاندا دادەنرێت، کە پێشتر رۆژانە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.
لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی سەرتاسەری لەنێوان ئەمریکا، ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، تاران هەوڵی دا لە رێگەی هەڕەشەی سەربازی و پەکخستنی کەشتیوانییەوە تەنگەکە دابخات، ئەمەش بووە هۆی شڵەقانی بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا. لێدوانەکەی نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکە توانیویەتی تا رادەیەکی زۆر ئاسایشی کەشتیوانی بگەڕێنێتەوە و رێگری لە داخرانی یەکجارەکیی ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە بکات.


