رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی حووسییەکان لە یەمەن داوا لە کارمەند، ئەندازیار و شارەزایانی کەرتی نەوتی سعودیە دەکەن لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە دەبنە ئامانجی هێرشەکانیان، ئەوەش بۆ پاراستنی ژیانیان. هاوکات هۆشداریشیان داوەتە هێڵەکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە پلاتفۆڕمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی، هۆشداری دەدەنە هەموو ئەو کرێکار و ئەندازیارانەی لە دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیەدا کار دەکەن لەو شوێنانە نەمێننەوە کە دەکرێنە ئامانج، "چ ئەو شوێنانەی پێشتر لێیان دراوە یان ئەوانەی دیکە."
گوتەبێژی حووسییەکان دەڵێ، هۆشدارییەکەیان کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، گەشتیاران و کارمەندانی فڕۆکەخانەکانی سعودیەش دەگرێتەوە کە پێشتر ناویان راگەیێندرابوو.
ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە هات نیوەڕۆی ئەمڕۆ حووسییەکان رایانگەیاند، بە مووشەکی بالیستی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید-یان لە شاری ریاز کردووەتە ئامانج و پێکاویانە. لە بەرامبەریشدا هاوپەیمانێتیی عەرەبی باسی لە تێکشکاندنی دوو مووشەک کرد لە ئاسمانی پایتەختدا و ئیدارەی فڕۆکەخانەکەش داوای لە گەشتیاران کرد پێش هاتنیان پەیوەندی بە هێڵەکانی فڕۆکەوانییەوە بکەن.
لە چەند رۆژی رابردوودا حووسییەکان چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر ژێرخانی وزەی سعودیە؛ لە نێویاندا لێدان لە وێستگەیەکی بۆریی سەرەکیی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوا لە ناوچەی خورەیس، کە بووە هۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت.
هێرشەکانی حووسییەکان لە کاتێکدان کە شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ناوچەکەی گرتووەتەوە و هاتوچۆی کەشتیوانی و فڕۆکەوانی لە کەنداو و دەریای سووردا کەوتووەتە مەترسییەوە.


