رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەی وەرز لە مانگی داهاتوودا، هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئێران. هاوکات ئاشکرای دەکات گفتوگۆی "بەرهەمدار" لەنێوان واشنتن و تاراندا بەردەوامە، بەڵام گەمارۆ ئابووری و سەربازییەکان لەسەر ئەو وڵاتە وەکو خۆیان دەمێننەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا لە ترووس سۆشیاڵ راگرتنی کاتیی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر تاران تاوەکو دوای هەڵبژاردنەکانی 3ی تشرینی دووەم ئاشکرا کرد و گوتی: "دەمانەوێ بۆ هەمووانی روون بکەینەوە، سەرەڕای ئەوەی ئێران لە رووی ئابووری و سەربازییەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، لە کاتێکدا گەمارۆکەمان بە تەواوی هێزی خۆیەوە بەردەوام دەبێ، بەڵام پێش هەڵبژاردنی نیوەی وەرز لە ئەمریکا لە 3ی تشرینی دووەم، هێرش ناکەینە سەر ئێران."
22 ملیۆن بەرمیل نەوت بەبێ بەشداریی ئێران
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر باری ئابووریی تاران و کاریگەریی گەمارۆکانی واشنتن لەسەر هەناردەکردنی نەوت و گوتی: "تەنیا شەوی رابردوو، ژمارەیەکی پێوانەیی کە 22 ملیۆن بەرمیل نەوت بوو بە تەنگەی هورمزدا بردراوە، بەبێ ئەوەی یەک بەرمیل نەوتیشی لە ئێرانەوە هاتبێت یان بەرەو ئێران رۆیشتبێت."
ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا هێڵی سووری وڵاتەکەی لە بەرامبەر تاران دووپاتکردەوە و بە پیتی گەورە نووسیویەتی: "ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی!"
بڕیاری ترەمپ بۆ هێرشنەکردنە سەر ئێران تاوەکو دوای 3ی تشرینی دووەمی 2026، پەیوەندیی راستەوخۆی بە هەڵبژاردنی چارەنووسسازی نیوەی وەرزەوە هەیە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی گرژیی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، نرخی نەوت و بەنزین لە ئەمریکا بە خێرایی بەرزبووەوە، ئەمەش نیگەرانی لای دەنگدەران دروستکردبوو و پێگەی بەربژێرانی پارتی کۆماریی لە هەڵبژاردنەکەدا خستبووە ژێر مەترسییەوە.
بە راگرتنی هێرشەکان و دڵنیاکردنەوەی بازاڕەکان لە کرانەوەی تەنگەی هورمز، ترەمپ هەوڵدەدات پێش رۆژی دەنگدان نرخی سووتەمەنی دابەزێنێت و نیگەرانیی ئابووریی دەنگدەران کەمبکاتەوە.



