رووداو دیجیتاڵ
عەلی شەریعی، بەرپرسی کاروباری سیاسیی پارتیی حەقی یەمەن، کە لە تارانەوە بەشداری لە بووڵتەنی کۆڕۆژی رووداو کرد، کە وەهبی رۆمی پێشکێشی کرد، لەسەر دوایین پێشهاتە سەربازی و سیاسییەکانی یەمەن قسەی کرد. شەریعی تۆمەتەکانی حکومەتی یەمەنی لەبارەی کۆنترۆڵکردنی هەندێ ناوچە رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەریی راستەوخۆی ئێران لەسەر بڕیارەکانی (حووسییەکان) "سفرە".
سەبارەت بە رەوشی سەربازیی سەر زەوی و دەنگۆی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە ستراتیجییەکان لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتەوە، شەریعی رایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا حووسییەکان و سوپای هاوپەیمانی لە چەندین بەرەوە پێشڕەوییان کردووە.
عەلی شەریعی گوتی، "پێشڕەوییە سەربازییەکان لە بەرژەوەندیی هێزەکانی ئێمەدان. ناوچە ستراتیجییەکانی وەک مەخا، بابول مەندەب، زووباب، حوجەرییە، تووربە و بەشی هەرە گەورەی پارێزگای تەعز لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حووسییەکاندان."
لەبارەی بەشداربوونی تورکیا و پاکستان لە هاوپەیمانییەکەدا لەگەڵ سعودیە دژی حووسییەکان، عەلی شەریعی روونیکردەوە کە ئەم بڕیارە لە دەستی ئەنقەرە و ئیسلامئابادەە، بەڵام جەختی کردەوە کە هەردوو وڵاتەکەش لە ئەنجامی هەوڵێکی لەو جۆرە ئاگادارن و گوتی، "لە سەرەتای دەستوەردانی سەربازیدا هاوپەیمانییەک لە 17 وڵات پێکهات، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا دوو وڵات (سعودیە و ئیمارات) لە بەرەکەدا ماونەتەوە. بەرپرسانی پاکستان و تورکیاش بە شێوەیەکی فەرمی رایانگەیاندووە کە نابنە بەشێک لەم جەنگە. ئەگەر ئەوان بیانەوێ بچنە نێو ئەم زۆنگاوەوە، ئەنجامەکەی دەبینن، بەڵام لێدوانەکانی دواییان نیشانی دەدەن کە نایانەوێ تێکەڵی ئەم جەنگە ببن."
کاتێک لە شەریعی پرسیار کرا کە ئایا رۆڵی ئێران لە بڕیارە سەربازی و سیاسییەکانی حوسییەکاندا چییە و ئایا تاران دەتوانێت فەرمانی راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان بدات، لە وەڵامدا گوتی، "کاریگەریی ئێران لەسەر بڕیاری ناوخۆیی یەمەن سفر لەسەدە (0%). بڕیاری یەمەن بە تەواوی لە سەنعا دەدرێ. بەڵێ، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا باش و برایانەن و لەسەر بنەمای رێزگرتنی دووقۆڵی دروستبوون، بەڵام ئەوە هەرگیز وەک پەیوەندیی سعودیە لەگەڵ ئەمریکا نییە. ئێمە سەربەخۆین."
بەرپرسی کاروباری سیاسیی پارتیی حەقی یەمەن اماژەی بەوە کرد کە ئەوان وەک پارتێکی سیاسی پشتیوانی لە هەڵوێستی حووسییەکان دەکەن و گوتی، "ئێمە هیچ کاتێک جەنگمان نەویستووە و داواکاری جەنگ نین. ئێمە دەمانەوێ گەلی یەمەن لەنێو ئاشتی و شکۆدا بژێت، ئابڵۆقە بە تەواوی هەڵبگیرێ و سەروەریی وڵات مسۆگەر بکرێت. پشتمان بە خودا و بە ئیرادەی گەلی یەمەن ئەستوورە و دەست لە مافەکانی خۆمان هەڵناگرین."

.jpg&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)
