رووداو دیجیتاڵ
محەممەد مەومەنی، وەزیری
پەیوەندییەکانی ئوردن رۆژی سێشەممە رایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەیدا بۆ
سەر باشووری سووریا لە رۆژی دووشەممە، "زیاتر لە 20 چەکدار"ی رێکخراوی داعش
کوژراون.
مەومەنی لە راگەیێندراوێکدا
گوتی: "ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنانە تاوەکو ئەم ساتە ئاماژە بە
زیانێکی گەورە لە نێو ریزەکانی داعشدا دەکەن، کە بە زیاتر لە 20 چەکدار مەزەندە
دەکرێت، لەگەڵ وێرانکردنی کۆگایەکی گەورەی چەکی رێکخراوەکە."
پێشتر ئوردن رایگەیاندبوو کە
هێرشەکان وەک وەڵامێک بوون بۆ هێرشەکەی سەر کەنیسەیەک لە پارێزگەی کەرەک لە
باشووری ئوردن و ئاماژەی بەوەش کردبوو کە هەر سێ هێرشبەرە ئوردنییەکە پەیوەندییان
بەو گرووپانەوە هەبووە کە لە سووریا کراونەتە ئامانج.
هاوکات ئوردن دووپاتی دەکاتەوە،
وێڕای ئەو هێرشانە، دەیەوێت پارێزگاری لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق بکات.


