رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، سرووشتی ململانێکان گۆڕاوە و شەڕەکانی داهاتوو تەنیا لە چوارچێوەی ناوچەکەدا نامێننەوە. دەشڵێت، ئامانجی ئەمریکا لە بوونی لە ناوچەکەدا دەستبەسەرداگرتنی سامان و سەرچاوەکانە.
ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، لە پەراوێزی رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی هەشتەمین رووداوی بەرهەمهێنانی نێوەڕۆکی دیجیتاڵیی بەسیج رایگەیاند: "وەک چۆن رێبەری باڵا فەرموویانە، ئەمڕۆ چی دیکە شەڕ تەنیا شێوەیەکی ناوچەیی نابێت و لە هەر خاڵێکدا پێویست بکات، دەکرێت شایەتی فراوانبوونی بەرەکانی شەڕ بین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەحمەد وەحیدی رەخنەی تووندی لە سیاسەتەکانی واشنتن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرت و گوتی: "ئامانجی ئەمریکییەکان لە بوونیان لە ناوچەکەدا داگیرکردنی وڵاتان و قووتدانی ناوچەکە بووە. ئەوان پێشتریش لە وەسفکردنی وڵاتانی ناوچەکەدا دەستەواژەی وەک (مانگای شیردەر)ـیان بەکارهێنابوو، ئەمەش بەو واتایە دێت، کە بەدوای دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی ناوچەکەوەن."
هاوکات مستەفا ئیزەدی، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "عالم" ئاماژەی بە ئەزموونی شەڕەکانی رابردوو کرد و گوتی، هاتنەناوەوەی دووژمن بۆ گۆڕەپانەکانی دەرەوەی ناوچەکە، بووەتە هۆی ئەوەی ئۆپەراسیۆنە بەرگرییەکانی ئێرانیش سنوورە جوگرافییەکان تێبپەڕێنن.
ئیزەدی هەروەها رایگەیاند: "فەرماندەیی باڵای جەنگ رایگەیاندووە لە ئەگەری بەردەوامبوونی جموجووڵەکانی دووژمن دژی ئێران، بابەتەکە بۆ دەرەوەی ناوچەکە فراوان دەکەین و لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ژێرخانەکان یان ناوەندە تەکنەلۆژییەکان، وەڵامێکی تووند و جەرگبڕ دەدەینەوە." جەختیشی کردەوە کە لە بەرگریکردندا رەچاوی هیچ شتێک ناکەن و لە بەرامبەر هەر جووڵەیەکی دووژمندا، ئۆپەراسیۆنی پێچەوانە و پەشیمانکەرەوەیان دەبێت.
رۆژی یەکشەممە 22-11-2026، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (فۆکس نیووز)ـی ئەمریکی رایگەیاند، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن، بەڵام هیچ ئەنجامێکی کردەییان لێ نەکەوتووەتەوە و هۆشداریی تووندی دایە تاران کە ئەگەر رێکنەکەون، مەیلی بەلای ئەوەدایە لە دوای سەری ساڵەوە جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان دژی ئێران دەستپێبکاتەوە، لەم کاتەشدا هیچ ئاماژەیەک نییە کە تاران ئامادەی رێککەوتن بێت.



