رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا حووسییەکان بە کۆنترۆڵکردنی کەناراوەکانی دەریای سوور و گەمارۆدانی شاری تەعز نەخشەی سەربازییان گۆڕی و ژێرخانی نەوتیی سعودیە دەکەنە ئامانج، سوپای یەمەن بە پاڵپشتیی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی گەورەترین ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە لە دەست دەرهێندراوەکانی دەست پێکردووە، لەوانەش سەنعا.
رۆژی دووشەممە 05-10-2026 هێزەکانی حکومەتی یەمەن کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراون، دەستپێکردنی هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر شاری سەنعای پایتەختی وڵاتەکە راگەیاند. ئەم هەنگاوە دوای زیاتر لە دەیەیەک دێت لە کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەلایەن چەکدارە حووسییەکانەوە.
ماجید نوزەیلی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایگەیاند، هێزەکانیان هێرشێکی ستراتیژییان لە سنووری سەنعا دەستپێکردووە و زیاتر لە 1000 هێرشیان کردووەتە سەر پێگە، تۆپخانە، سەکۆی هەڵدانی مووشەک، سەنگەرەکانی بەرگری و هێڵەکانی دابینکردنی لۆجستیی حووسییەکان.

لیوا روکن تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە کرد، بەیانیی رۆژی دووشەممە 100 فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە بۆ دابینکردنی پاڵپشتیی ئاسمانیی 24 کاژێری بۆ هێزە زەوینییەکانی یەمەن.
هەر هەمان رۆژ، سەرچاوەیەک لە کەرتی وزەی سعودیە پشتڕاستی کردەوە، هەناردەی نەوت لە هێڵی بۆریی نەوتی (رۆژهەڵات-رۆژئاوا)ـی سعودیە بەهۆی هێرشێکی نوێوە راگیراوە.
ئەم هێڵە بۆرییە کە درێژییەکەی 1200 کیلۆمەترە و کێڵگە نەوتییەکانی رۆژهەڵاتی سعودیە بە بەندەری یەنبوع دەبەستێتەوە، پێشتریش لە 11 تاوەکو 22ـی ئەیلوول بەهۆی هێرشەوە راگیرا، کە رێڕۆیەکی زۆر گرنگە بۆ هەناردەکردنی نەوتی سعودیە.
راگەیاندنی جەنگی سەرتاسەری و گەمارۆدانی تەعز
لە 4ـی تشرینی یەکەم، رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن لە راگەیێندراوێکدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گشتگیری راگەیاند بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانەی لەلایەن حووسییەکانەوە کۆنترۆڵ کراون.
ئەم راگەیاندنە تەنیا چەند کاژێرێک دوای پێشڕەوییەکی حووسییەکان هات، کاتێک توانیان رێگەی سەرەکیی گەیاندنی پێداویستییەکان لە نێوان شاری تەعز و شاری عەدەن بپچڕێنن.
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکان، حووسییەکان ناوچەی سەفیە و بنکەی پۆلیسی ناوچەکەیان کۆنترۆڵ کرد. بەمەش شاری تەعز کە بەدەست هێزەکانی حکومەتەوەیە، بەتەواوی لەلایەن حووسییەکانەوە لە باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاواوە گەمارۆ درا.
لەم پێکدادانانەی دەوروبەری تەعزدا، تەنیا لە یەک رۆژدا زیاتر لە 70 کەس کوژران، کە 34 کەسیان سەربازی حکومەتی وڵاتەکە بوون (20 کەسیان لە ناوچەی لەهج کوژران) و 39 کەسیشیان چەکداری حووسی بوون.
هەر لە 4ـی مانگدا، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رایگەیاند، بە مووشەکی بالیستی و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە لە ریاز و ناوچەی خورەیس.
لە بەرامبەریشدا فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە 26 هێرشیان کردە سەر سەنعا و چەندین ئامانجیان لە سەعدە و تەعزیش بۆردوومان کرد.
وێرانکارییەکانی کۆتایی ئەیلوول و هێرش بۆ سەر شاری مەدینە
قەیرانەکە لە کۆتایی مانگی ئەیلوول و سەرەتای تشرینی یەکەمدا بەشێوەیەکی خێرا پەرەی سەند. لە 2ـی تشرینی یەکەمدا، لە شەڕێکی نزیک تەعز 80 ئەندامی هێزە سەربازییەکان کوژران کە 55ـیان حووسی و 26ـیان سەربازی حکومەتی یەمەن بوون. لە هەمان کاتدا حووسییەکان پردێکی ستراتیژییان وێران کرد کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی بە عەدەنەوە دەبەستەوە.
حووسییەکان رایانگەیاند، تەنیا لە 24 کاژێردا سعودیە 94 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەریان، کە بەمەش کۆی گشتیی هێرشەکان لەو کاتەوەی جەنگەکە سەریهەڵداوەتەوە گەیشتووەتە 1350 هێرش.
لە هەمان کاتدا سعودیە رایگەیاند، مووشەکێکی حووسییەکان زیانی بە قوتابخانەیەک لە شاری نەجران گەیاندووە کە 15 کیلۆمەتر لە سنووری یەمەنەوە دوورە.
یەکێک لە پێشهاتە مەترسیدارەکان هێرشەکەی بەرەبەیانی 29ـی ئەیلوول بوو، کاتێک هاوپەیمانیی سعودیە بڵاویکردەوە حووسییەکان بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر وێستگەی کارەبای (تەیبە) لە شاری مەدینە، کە کارەبا بۆ مزگەوتی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دابین دەکات. هەرچەندە حووسییەکان رەتیانکردەوە، بەڵام هێرشەکە کاردانەوەی تووندی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و وڵاتانی وەک تورکیا و قەتەر، هەروەها کۆمکاری عەرەبی بەتووندی سەرکۆنەیان کرد.
چەخماخەی جەنگەکە و هەرەسهێنانی ئاگربەست
ئەم زنجیرە رووداوانە ئەنجامی هەرەسهێنانی ئەو ئاگربەستەن کە لە ساڵی 2022ـەوە بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیێندرا. لە مانگی تەممووزی 2026، دانوستاندنەکانی ئاشتی بەتەواوی شکستیان هێنا دوای ئەوەی حووسییەکان داوای ملیۆنان دۆلار قەرەبوو و هەڵگرتنی تەواوەتیی گەمارۆی ئاسمانییان کرد، کە سعودیە رەتیکردەوە.
دەستپێکی هەڵگیرسانەوەی جەنگەکە کاتێک بوو کە فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعایان بۆردوومان کرد. ریاز پاساوی ئەوەی هێنایەوە، فڕۆکەیەکی ئێرانی هێزەکانی سوپای پاسدارانی گواستووەتەوە بۆ ئەوێ بێ وەرگرتنی مۆڵەت، بەڵام ئەمە لەلایەن حووسییەکانەوە رەتکرایەوە و بووە هۆی دەستپێکردنی شەپۆلێکی گەورەی هێرشی پێچەوانە و گەڕانەوە بۆ جەنگ.
گۆڕانی نەخشەی سەربازی و پێشڕەوییەکان
دوای هێرشی فڕۆکەخانەکە، حووسییەکان گەورەترین هێرشی زەوینییان دەستپێکرد و ناوچە ستراتیژییەکانی کەناراوەکانی دەریای سووریان کۆنترۆڵ کرد. ئەوان توانیان دەست بەسەر بەندەری موخا، دوورگەی مەیون و بەشێکی زۆری تەنگەی بابولمەندەبدا بگرن، کە ئەمەش کۆنترۆڵێکی گەورەی بەسەر هێڵەکانی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا پێبەخشین.
شەڕەکە سعودیەیشی گرتەوە، ئەمەش کاتێک حووسییەکان شەپۆلێک لە مووشەکی بالیستی، کروز و درۆنیان ئاراستەی ناوچەکانی باشووری سعودیە وەک جازان، ئەبها و نەجران، هەروەها دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە یەنبوع و جیزان کرد.
ئەم هێرشانە جگە لە وێرانکردنی ژێرخانی نەوتی، بوونە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 70 کەسی سڤیل و ناچارکردنی سعودیە بە داخستنی کاتیی قوتابخانەکان.

لە بەرامبەردا، سعودیە تەنیا لە 12 کاژێردا 54 هێرشی ئاسمانی کرد، لە مانگێکدا زیاتر لە 129 هێرشی ئاسمانیی تۆمارکرد بۆ وەستاندنی پێشڕەوییەکانی حووسییەکان. هاوکات سوپای یەمەنیش دوای لەدەستدانی کەناراوەکان، هێزەکانی خۆی لە مەئریب رێکخستەوە و لە بەرەکانی کەدحە لە تەعز هەوڵی بەرپەرچدانەوە دەدات.
قەیرانە مرۆییەکە
لەم ماوەیەی هەڵگیرسانەوەی جەنگەکەدا، باجە مرۆییەکە زۆر قورس بووە. بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 800 کەس کوژراون و هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها زیاتر لە 145,000 کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون. لەو ژمارەیە، نزیکەی 120,000 کەسیان ئاوارەی نوێن کە زۆربەیان لە رێگەی بەلەمەوە لە دەریای سوور بەرەو جیبۆتی رۆیشتوون بۆ ئەوەی لە بۆردوومانەکان رزگاریان بێت.

قەیرانەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) هۆشداری داوە رەوشەکە وێرانکەرە، چونکە سێ لەسەر چواری دانیشتووانی یەمەن کە کۆی ژمارەیان 42 ملیۆن کەسە ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆراک دابین بکەن.
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش گوتی، ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوامانە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل دروست دەکەن و دەبێت پارێزگاری لە ژێرخانی سڤیل بکرێت.


