رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێران کرد و گوتی، واشنتن بە جیددی بیر لە هێرشی سەربازی بۆ سەر تاران دەکاتەوە و رەنگە سبەی رووبدات، هاوکات دەرگای بە کراوەیی بۆ ئەگەری رێککەوتنێکی نوێش لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هێشتووەتەوە.
رۆژی شەممە 24-10-2026 دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: "بیر لە هێرش بۆ سەر ئێران دەکەینەوە و رەنگە سبەی رووبدات، بەڵام ئایا بەڕاستی پێتان وایە کاتی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئاشکرا دەکەم؟"
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەگەرێک هەیە هێرش بکەینە سەر ئێران، ئەگەرێکی دیکەش ئەوەیە لەگەڵیاندا رێککەوتنێکی گەورە و باش بکەین. ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا پێیەوە پابەند دەبن؟"
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "بە کاریگەرییەوە مامەڵەم لەگەڵ پرسی ئێراندا کردووە، رەنگە ناچاربم تەواوی ئەرکەکە کۆتایی پێبهێنم، یانیش ئێرانییەکان رێکدەکەون. دڵنیا نیم کە ئایا ئێران رێککەوتن واژۆ دەکات یان نا، بەڵام لە هەردوو بارەکەدا ئێمە سەردەکەوین".
ترەمپ ستایشی سوپای ئەمریکای کرد لە گورزوەشاندن لە توانا سەربازییەکانی ئێران و گوتی، هێزەکانیان "کارێکی باوەڕپێنەکراویان کردووە،" بە جۆرێک "هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی بۆ ئێران نەماوەتەوە و هەر 259 فڕۆکە جەنگییەکەیان تێکشکێندراون و بوونەتە پارچەی بچووک؛ هەروەها هەموو کەشتییەکانیان تێکشکێندراون و 259 کەشتییان ئێستا لە بنی دەریادان و رادارەکانیشیان لە کار خراون".
لەبارەی بژاردەی سەربازی و رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی، ترەمپ روونیکردەوە، دەکرا ساڵێک لەمەوبەر لە رێگەی بۆمبهاوێژەکانی بی-2 هێرش بکەن، بەڵام دوای ساڵێک یان دوو ساڵ دەگەڕانەوە بۆ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، هەربۆیە دەبێت چارەسەرەکە هەمیشەیی و بنبڕ بێت.
هاوکات سەرکردایەتیی تارانی بەوە تۆمەتبار کرد، "سەرکردایەتییەکی زۆر خراپن؛ 75 هەزار خۆپێشاندەریان کوشتووە و بەرپرسن لە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و سەربازانی ئەمریکی لە رابردوودا".
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە گەندەڵی، ترەمپ بەرگری لە خۆی کرد و گوتی: "گەندەڵیی راستەقینە لەو شار و ناوچانەیە کە لەژێر کۆنترۆڵی دیموکراتەکاندان."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە دەنگدانی پێشوەختەی خۆی و هاوژینەکەی (مێلانیا ترەمپ) بوو لە ویلایەتی فلۆریدا، پێش ئەوەی بەرەو گردبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی جۆرجیا بەڕێبکەوێت. ترەمپ گوتی، دەنگی بە هەموو کاندیدەکانی پارتی کۆماری داوە.
دەنگدانی ترەمپ لە کاتێکدایە تەنیا 10 رۆژ بۆ هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێس لە 3ـی تشرینی دووەم ماوە، کە تێیدا کۆمارییەکان لە شەڕێکی سەختدان بۆ هێشتنەوەی زۆرینەی خۆیان.
راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەری هەیە کۆمارییەکان کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران و تەنانەت پیرانیش لەدەست بدەن.



