رووداو دیجیتاڵ
عەلی عەبدوڵڵاهی، سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێ، ئەگەر شەڕ لە ناوچەکەدا دەستپێبکاتەوە، پریشکەکەی بەر هەمووان دەکەوێ.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی عەبدوڵڵاهی، سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەگەر بە هەر هۆکارێک ئیسرائیل تووشی لێکدانەوەی هەڵە بێت و ببێتە دەستپێشخەری شەڕێکی دیکە، "رووبەڕووی تووڕەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەبێتەوە".
سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران گوتی: "با ترەمپ بزانێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا نەبووە و نییە. چ بەر لە هەڵبژاردنەکان و چ دوای ئەوە و بە هەر ئەنجامێک، ئەگەر ئەمریکا خۆی یان بە هاندانی ئیسرائیل، کارێک دژی ئێمە بکات، هێزە چەکدارەکانمان بە تووندی و بە هێزەوە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بێ سنوور دەکەنە ئامانج."
عەلی عەبدوڵڵاهی دەڵێت: "ئەو وڵاتانەی لە ناوچەکەدا میوانداری ئەمریکا دەکەن با بزانن کە هۆکاری سەرەکی نائارامی و سەرهەڵدانی کێشە ئابوورییەکان، ئامادەیی سوپای ئەمریکایە لە ناوچەکەدا و تاوەکو ئەم ئامادەییە بەردەوام بێت، نائارامیش هەر دەمێنێت."
عەلی عەبدوڵڵاهی هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و دەڵێت: "ئاگادار بن ئەگەر شەڕێکی نوێ دەستپێبکات، پریشکەکەی بەر هەمووان دەکەوێ."
سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداریشی دایە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و گوتی: "هۆشداری دەدەینە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، کە لە بەردەوامبوون لە دەربڕینی بۆچوونی بێبنەما لەسەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، خۆیان بپارێزن."


