رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی بە ناوی "بەرەبەیانی یەمەن" راگەیاند و ئاشکرای کرد کە بە بەشداریی 100 فڕۆکەی جەنگی زیاتر لە 300 پێگەی حووسییەکانیان بۆردومان کردووە.
لیوا روکن تورکی مالیکی، گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی دەڵێ، لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "بەرەبەیانی یەمەن" لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 100 فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان تێدا کرد و تاوەکو ئێستا توانیویانە 324 "ئامانجی گرنگ"ـی چەکدارانی حووسییەکان تێکبشکێنن.
گوتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە دەڵێ، هێزەکانیان "پاراستنی ئاسمانی بۆ تەنگەی بابولمەندەب دابین دەکەن و ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتنی ئامانجە جووڵاوەکانیش بەردەوامە؛" راشیگەیاند کە بە شێوەیەکی بەردەوام و 24 کاژێر پاڵپشتیی ئاسمانی بۆ هێزە چەکدارەکانی یەمەن لەسەر زەوی دابین دەکەن.
دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە هاوکاتە لەگەڵ سەرکەوتنێکی مەیدانیی هێزەکانی سەر بە حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەن، کە توانییان لە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیدا بە پاڵپشتیی فڕۆکە جەنگییەکان، ناوچەی ستراتیژیی (زوباب) لە نزیک تەنگەی بابولمەندەب لە دەستی حووسییەکان دەربهێننەوە.
ئاژانسی هەواڵی (سەبەئ)ـی سەر بە حکومەتی یەمەن، لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی سوپای وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانیان هێرشێکی فراوانیان کردووەتە سەر پێگەکانی حووسییەکان لە زوباب و بە کۆنترۆڵکردنەوەی چەندین خاڵی گرنگ، توانیویانە رێگە سەرەکییەکان و هێڵەکانی گەیاندنی چەک و هاوکاری بۆ حووسییەکان بەرەو تەنگەی بابولمەندەب ببڕن.
بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەکە، لە پێکدادانەکاندا ژمارەیەک چەکداری حووسی کوژراون و بریندار بوون و چەندین کەرەستەی سەربازییان تێکشکێندراون، کێوماڵکردنی ناوچەکە بەردەوامە بۆ رێگری لە هەر هێرشێکی پێچەوانە.
ئەم پێشڕەوییە سەربازییانە تەنیا 24 کاژێر دوای ئەوە دێن کە رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن، فەرمانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەرتاسەری بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی یەمەن لە دەستی حووسییەکان دەرکرد.
تەنگەی بابولمەندەب لە کەناراوەکانی دەریای سوور، یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین رێڕەوە ئاوییەکانی بازرگانی و گواستنەوەی وزە لە جیهاندا. لە چەند هەفتەی رابردوودا حووسییەکان لە هێرشێکی خێرادا بەشێک لە کەناراوەکانی دەریای سووریان کۆنترۆڵ کردبوو، بەڵام ئۆپەراسیۆنی ئەمڕۆی هاوپەیمانان و هێزەکانی حکومەت، بە یەکەمین وەڵامی کرداری و گەورە بۆ پاشەکشەپێکردنیان لەو ناوچە هەستیارە دادەنرێت.

