رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سەر بە حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەن لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی، ناوچەی (زوباب)یان لە نزیک تەنگەی ستراتیژیی بابولمەندەب لە دەستی چەکدارانی حووسییەکان دەرهێنا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی دەنگوباسی سەبەئی سەر بە حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی سوپای وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانیان بە پاڵپشتیی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانان، هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر پێگەی چەکدارانی حووسییەکان لە چەند ناوچەیەکی زوباب.
سەرچاوە سەربازیەکە بە ئاژانسەکەی راگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەدا هێزەکانی حکومەت توانیویانە پێشڕەوی بکەن و دەست بەسەر چەندین پێگەی گرنگدا بگرن، بەمەش رێگە سەرەکییەکان و هێڵەکانی گەیاندنی چەک و هاوکارییان بۆ چەکدارانی حووسی بەرەو تەنگەی بابولمەندەب بڕیوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە شەڕ و پێکدادانەکاندا ژمارەیەک چەکداری حووسییەکان کوژراون و بریندار بوون، هاوکات چەندین کەرەستەی سەربازییان تێکشکێندراون؛ هەروەها هێزەکانی حکومەت ئێستا سەرقاڵی کێوماڵکردن و پاککردنەوەی ئەو ناوچانەن تاوەکو رێگری لە هەر هێرشێکی پێچەوانەی حووسییەکان بکەن.
کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەی زوباب تەنیا 24 کاژێر دوای ئەوە دێت کە رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن فەرمانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەرتاسەری بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی خاکی یەمەن دەرکرد.
تەنگەی بابولمەندەب لە کەناراوەکانی دەریای سوور، یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین رێڕەوە ئاوییەکانی بازرگانی و هەناردەکردنی نەوت لە جیهان. لە چەند هەفتەی رابردوودا حوسییەکان لە هێرشێکی خێرادا دەستیان بەسەر بەشێکی کەناراوەکانی دەریای سووردا گرت، بەڵام ئەم پێشڕەوییەی هێزەکانی حکومەت بە یەکەمین وەڵامی کرداریی ئەوان بۆ پاشەکشەپێکردنی حوسییەکان لە دەوروبەری ئەم گەرووە ستراتیژییە دادەنرێت.

.jpeg&w=3840&q=75)