رووداو دیجیتاڵ
موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران لە پۆستەکەی دەستی لەکارکێشایەوە و مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەندکرد؛ حەمید بۆرد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی بەرهەمە نەوتییەکان وەک سەرپەرشتیاری وەزارەتەکە دەستنیشانکرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026، مەهدی تەباتەبایی، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "موحسین پاکنەژاد دەستی لە پۆستی وەزیری نەوت کێشایەوە و لەلایەن سەرۆککۆمارەوە پەسەندکرا. بە فەرمانی مەسعوود پزیشکیانیش، حەمید بۆرد کرا بە سەرپەرشتیاری وەزارەتی نەوت."
حەمید بۆرد، پێشتر پۆستی جێگری وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نیشتمانیی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێرانی بەڕێوەدەبرد.
دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری نەوتی ئێران لە کاتێکدایە کە کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە بەهۆی جەنگی سەربازیی نێوان واشنتن و تارانەوە، رووبەڕووی قورسترین رەوشی مێژوویی خۆی بووەتەوە.
ئیدارەی ئەمریکا لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری" و قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"، گەمارۆیەکی سەرتاسەریی دەریایی بەسەر سەرجەم بەندەرەکان و هێڵەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە کەنداو و تەنگەی هورمزدا سەپاندووە، بە ئامانجی سفرکردنەوەی تەواوەتیی داهاتی نەوتی تاران.
گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا لە 13ی نیسانی 2026ـەوە دەستیپێکرد، وەک وەڵامێک بۆ داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن سوپای پاسدارانەوە. دوای داڕمانی ئاگربەستیش لە 13ی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە گەمارۆکەی تووندتر کردەوە.




