رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەمەن دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حووسییەکانن راگەیاند و دەڵێت: "هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لە باری ئامادەباشیدا دەبن تاوەکو وڵات بەتەواوی ئازاد دەکرێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026، رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەمەن (کە لەلایەن سعودیەوە پاڵپشتی دەکرێت)، لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، هێزەکانی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی پلانێکی گشتگیریان بۆ سەپاندنی "دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی نیشتماندا" دەستپێکردووە.
عەلیمی گوتی: "رێنماییمان داوەتە هێزە چەکدارەکان، هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم پێکهاتە سەربازییەکان کە دەستبکەن بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەپێی پلانێکی پەسندکراو، تاوەکو ئەو کاتەی خاکی یەمەن بە تەواوی لە حووسییەکان پاکدەکرێتەوە."
رۆژی شەممە هێزەکانی حکومەتی یەمەن "257 ئۆپەراسیۆنی ئامانجپێکی وردیان" لە دژی پێگە و سەنگەرەکانی حووسییەکان کرد.
عەقید ماجید عەبدوڵڵا نەزیلی، گوتەبێژی هێزەکانی حکومەتی یەمەن لەمبارەیەوە رایگەیاند: "خەمڵاندنە سەرەتاییەکان دەریدەخەن لەم ئۆپەراسیۆنانەدا لانیکەم 700 چەکداری حووسی کوژراون."
هاوکات، عەمید تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە رایگەیاند: "بەستنەوەی چارەنووسی حوسییەکان بە ئەجێندای دەرەکی، ماڵوێرانی و پشێویی بۆ خەڵکی یەمەن هێناوە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەش، فڕۆکە، درۆن و تۆپخانەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی 97 هێرشی چڕیان لە بەرەکانی تەورولبەحە و میحوەری تەعز بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان کرد.
شەڕ و پێکدادانەکان لە مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە بە تووندی سەریانهەڵداوەتەوە دوای داڕمانی تەواوەتیی ئاگربەستەکەی ساڵی 2022؛ ئەمەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەسی دیکە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولیشدا، حووسییەکان هەوڵیاندا دەست بەسەر شاری بەندەریی موخا و دوورگە ستراتیژییەکانی نێو تەنگەی بابولمەندەبدا بگرن کە شاڕێی نەوتی جیهانە، بەرلەوەی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە پاشەکشەیان پێبکرێت.
شەڕی نێوخۆی یەمەن لە ساڵی 2014ـەوە دەستیپێکرد، کاتێک حووسییەکان بە پاڵپشتیی ئێران دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت و حکومەتی وڵاتەکەیان ناچارکرد بەرەو شاری عەدەن لە باشوور هەڵبێت.

