رووداو دیجیتاڵ
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا 18 تێکهەڵچوونی چەکداری لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی بەلووچ روویانداوە؛ لە ئەنجامدا لانیکەم 93 کەس کوژراون کە 18یان سڤیلن.
بەگوێرەی داتاکان، پێکدادانەکان لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول لە شارەکانی (زاهیدان، سەراوان، ئێرانشەهر، راسک، خاش، چابەهار و میرجاوە) تۆمارکراون. شێوازی هێرشەکان بریتی بوون لە دەستڕێژی گوللە، تەقاندنەوەی بۆمبی چێندراو، دانانی کەمین و بەکارهێنانی چەکی قورسی وەک ئار پی جی.
شیرئەحمەد شیرانی، چالاکڤانی مافی مرۆڤ و بەڕێوەبەری رێکخراوی "حالوەش" بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەلووچستان، لە بۆڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10ی تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژی هەینی 2ی تشرینی یەکەمی 2026، گوتی: "گرژییەکان بۆ چەند دەیەی رابردوو دەگەڕێنەوە، بەڵام دوای 'هەینیی خوێناویی زاهیدان' گەیشتوونەتە لووتکە. هۆکارەکەش ئەوەیە خەڵکی بەلووچستان لە هەموو بوارە سیاسی، کارگێڕی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا پەراوێز خراون و هیچ بەشدارییەکیان لە چارەنووسی پارێزگاکەیاندا نییە."
شیرانی ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی ئەم پێنج مانگەدا زۆرینەی هێرشەکان لەلایەن گرووپە نوێیەکانی وەک (بەرەی چەکداریی خەڵک) و (خەباتکارانی نیشتمانیی بەلووچستان) کراون.
بەڕێوەبەری رێکخراوی "حالوەش" هۆکاری هەڵکشانی پێکدادانەکانی بۆ زیادکردنی هێز لەلایەن تارانەوە گەڕاندەوە و گوتی: "لە بەرامبەر زۆربوونی چالاکیی چەکدارەکاندا، حکومەتی ئێران هێزە سەربازییەکانی لە ناوچەکە چڕکردووەتەوە و کۆمەڵێک چەکداری سەر بە لیواکانی (زەینەبیوون و فاتمیوون)ـی ئەفغانی و پاکستانیی هێناوەتە بەلووچستان، ئەمەش ململانێکەی خوێناویتر کردووە."
لەبارەی قوربانییانی سڤیلیشەوە، شیرانی رەخنەی لە هێزە ئەمنییەکان گرت و روونیکردەوە کە بەشێکی زۆری شەڕەکان دەبرێنە نێو گەڕەک و ناوچەکانی نیشتەجێبوونەوە و رەچاوی سەلامەتیی هاووڵاتییان ناکرێت، بە جۆرێک دەسەڵاتداران مامەڵەی چەکدار لەگەڵ چالاکڤانانی کۆمەڵگەی مەدەنیشدا دەکەن و سزای تووندیان بەسەردا دەسەپێنن.

.jpeg&w=3840&q=75)

