رووداو دیجیتاڵ
نرخی تمەن بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان بەردەوامە لە دابەزین. ئەمڕۆ نرخی یەک دۆلار گەیشتە سەرووی 72 هەزار تمەن. بەردەوامی ئەم دۆخەش توانای کڕینی خەڵک زیاتر سنووردار دەکات.
محەممەد شەریفی موقەدەم، سەرۆکی سەندیکای پەرستارانی ئێران دەڵێت، مامناوەندی مووچەی مانگانەی پەرستاران نزیکەی 25 تاوەکو 28 ملیۆن تمەنە، کە بە نرخی ئێستای تمەن، دەکاتە 100 دۆلار.
بە گوتەی شەریفی موقەدەم، بەرپرسان ئیرادەی چارەسەرکردنی گرفتی پەرستارانیان نییە و بەردەوامی ئەم دۆخە وایکردووە پەرستاران تەنیا بیر لە وازهێنان لە کارەکەیان بکەنەوە. چونکە بەم مووچەیە هەر لە ماڵ بمێننەوە باشترە تا خۆیان تووشی ئەم هەموو مەترسی و نەخۆشییە بکەن.
ئەم بەرپرسی تەندروستییە رایگەیاندووە، ئێستا نزیکەی 70 هەزار پەرستار خانەنشینن و گرفتی دابینکردنی کارمەندیان هەیە و کەم کەس ئامادەیە بەم مووچانە کار بکات. دەشڵێت، لەم کەرتەدا گەندەڵی میلیاردی هەیە، زۆربەی پەرستاران مووچەیان کەمە و کەسانێکیش بە ملیاران تمەن پارە و بەرتیل وەردەگرن.
سەرۆکی سەندیکای پەرستارانی ئێران دەڵێت، کەمی پەرستار گوشار لەسەر پەرستارانی ئێستای نەخۆشخانەکان دروستکردووە، بۆ نموونە پەرستارێک کە دەبێت ئاگاداری پێنج نەخۆش بێت، ئێستا دەبێت ئاگاداری 20 بۆ 30 نەخۆش بێت و ئەمەش پەرستارەکە شەکەت دەکات و گیانی نەخۆشەکەش دەخاتە مەترسییەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
