رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران "بەمزووانە" و راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول کۆتایی دێت.
ترەمپ لە گوتارەکەیدا لە بانگەشەی هەڵبژاردن، ئاماژەی بە داڕمانی توانا سەربازی و ئابوورییەکانی ئێران کرد و گوتی: "وەک دەبینن، ئەوان ئێستا نە هێزی دەریاییان ماوە، نە هێزی ئاسمانی، نە رادار و نە سیستمی بەرگریی دژەفڕۆکە. ئابوورییەکەیان بەتەواوی داڕماوە و رێژەی هەڵئاوسانیان گەیشتووەتە نزیکەی 310%".
سەرۆکی ئەمریکا تارانى بە "زۆرداری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" وەسفکرد و گوتی، دەبوو سەرۆکەکانی پێشووتری ئەمریکا یان وڵاتێکی دیکە لەمێژە ئەم کارەیان بکردایە نەک واشنتن بە تەنیا ناچار بەم ئەرکە بکرێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەى بە دۆخی ناوخۆیی دەسەڵات لە تاران دا و گوتی: "ئەوان سەرکردەکانیان لەدەستدا، پاشان دەستەیەکی دیکەیان لەدەستدا، تەنانەت کاتێک پێشبڕکێیان بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک سازکرد، کەس ئامادە نەبوو بەشدار بێت. ئێستا کێشەکە ئەوەیە کە نازانین لەوێ مامەڵە لەگەڵ کێدا بکەین، کەس نەماوە قسەی لەگەڵدا بکەین؛ دەڵێم قسە لەگەڵ کێ بکەم؟ لە دەرگە دەدەین، بەڵام کەس لە ماڵەوە نییە".
سەبارەت بە کۆتاییهاتنی شەڕ و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری، ترەمپ پێشبینی کرد لەگەڵ تەواوبوونی ململانێکە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە خێرایی دابەزێت و گوتی: "شەڕەکە بەمزووانە کۆتایی دێت، پێدەچێت راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول بێت؛ کاتێک کۆتاییش هات، نرخەکانی نەوت بە تەواوی دادەبەزن."
ترەمپ بەرگریی لە بەرزبوونەوەی کاتیی نرخی سووتەمەنی کرد و گوتی: "باجێک دەدەن، بەڵام زۆر کەمترە لەوەی ئەگەر ئەو شێتانە چەکی ئەتۆمییان دەستبکەوتایە و بەکاریانبهێنایە."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ترەمپ باس لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی شەش مانگی رابردووی هێزەکانی ئەمریکا کرد: "ئێمە لە ماوەی زیاتر لە شەش مانگدا تەنیا 18 کەسی قارەمانمان لەدەستداوە. بەڵێنی من ئەوە بوو کە چەکی ئەتۆمییان پێنەگات و، ئەوەم تەنیا لە یەک شەودا ئەنجامدا کاتێک فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی B-2 لە کاژێر 1:00ـی شەودا دزەیان کرد و لە قووڵایی 3,000 پێ لە ژێر زەویدا سەرجەم توانای ئەتۆمیی ئەوانیان تێکشکاند". ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران بۆ ساڵانێکی زۆر توانای دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو وێرانکارییانەی نابێت کە بەسەریدا هاتووە.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتاییدا هۆشداریی دایە دەنگدەران لەبارەی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول و رەخنەی لە سیاسەتەکانی ئیدارەی پێشووتری باراک ئۆباما و جۆ بایدن گرت، بەوەی "ملیارەها دۆلاریان وەک باج و بەرتیل دا بە تاران بێ ئەوەی چارەسەری کێشەی چەکی ئەتۆمی بکەن" و گوتیشی، ئیدارەکەی رێگە نادات ئەو هەڵانە لە داهاتوودا دووبارە ببنەوە.


