رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک بەرپرسی ناوچەکە و رۆژئاوا بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، سعودیە پلانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان دژی حووسیەکانی یەمەن دادەنێ؛ ئاماژەیان بەوەش کردووە، ریاز لەنێوان دوو بژاردەدایە: ئەنجامدانی هێرشێک بۆسەر کەناراوەکانی دەریای سوور بۆ پاراستنی رێڕەوی کەشتیوانی، هێرشکردنە سەر حووسییەکان لە چەندین ناوچە و بەرەی جیاواز.
بە گوێرەی ئەو بەرپرسانە، ئەو ئۆپەراسیۆنە کە چاوەڕوان دەکرێ لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەستپێبکات، لەسەر زەوی لەلایەن هێزە یەمەنییە هاوپەیمانەکانی ریازەوە پاڵپشتی دەکرێ. ئەمریکاش زانیاریی هەواڵگری دەداتە ریاز و چەندین وڵاتی ئەورووپی و ناوچەکەش هاوکاریی بەرگری دەدەنە شانشینەکە.
دوو بژاردەی سەربازی و ئامانجی کۆنترۆڵکردنەوەی تەنگەی بابولمەندەب
ئامانجی سەرەکیی ئەم پلانە سەربازییەی سعودیە بریتییە لە لەنێوبردنی ئەو دەستکەوتە خێرایانەی کە مانگی رابردوو حووسییەکان بەدەستیانهێنا کاتێک بەدرێژایی کەناراوەکان پێشڕەوییان کرد و دەستیان بەسەر کەناراوەکانی تەنگەی ستراتیژیی بابولمەندەبدا گرت.
بە گوتەی بەرپرسانی کەنداو، ریاز دوو بژاردەی لەبەردەستە بۆ هێرشەکە:
هێرشێکی سنووردار: تەنیا لەسەر ناوچەکانی دەوروبەری تەنگەی بابولمەندەب چڕببێتەوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی کەناراوەکان و ئاساییکردنەوەی جووڵەی دەریایی.
هێرشێکی گشتگیر و هاوکات: جگە لە کەناراوەکان، چەندین بەرەی شەڕ لە پارێزگاکان دژی حووسییەکان دەکرێتەوە.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەپێی قەبارەی هێرشەکە، لەوانەیە زیاتر لە 100 هەزار سەربازی یەمەنی بۆ بەشداریکردن لەم ئۆپەراسیۆنەدا کۆبکرێنەوە.
هەڵوێستی ترەمپ، پەیماننامەی بەرگری و رۆڵی تورکیا و پاکستان
واشنتن وەک بەهێزترین هاوپەیمانی سعودیە، لە رێگەی راوێژکارانی سەربازی و پێدانی زانیاریی هەواڵگری و دیاریکردنی ئامانجەکان، پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی سعودیەدا دەکات. دۆناڵد ترەمپ پێشتر داواکاریی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەی بۆ پێشکێشکردنی هاوکاریی راستەوخۆی سەربازی وەک ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لەلایەن سوپای ئەمریکاوە رەتکردووەتەوە.
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، تورکیا و پاکستان کە مانگی رابردوو رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشیان لەگەڵ ریاز واژۆ کرد، کەرەستەی سەربازییان بۆ سعودیە دابینکردووە. بەرپرسێکی باڵای پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی مانگی رابردوو چوار فڕۆکەی بارهەڵگری پڕ لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی، تۆپهاوێژی سووک، درۆن و سیستمی دژەدرۆنی رەوانەی شاری عەدەن کردووە.
هەروەها راوێژکارانی سەربازیی پاکستان لەسەر زەوی لەگەڵ هاوتا سعودییەکانیان کار لەسەر راهێنانی هێزە یەمەنییەکان دەکەن و درۆنی تورکیاش کە پێشتر لەلایەن سعودیەوە کڕدراون، بە ئاسمانی یەمەندا دەستیان بە گەشت کردووە.
بۆ پاراستنی شانشینەکەش، پاکستان لە نێوان 30 بۆ 40 هەزار سەربازی لە سعودیە جێگیرکردووە بۆ پاراستنی سنوورە وشکانییەکان و پووچەڵکردنەوەی مووشەک و درۆنەکانی حووسییەکان.
هاوکات فەرەنساش رایگەیاندووە کە سیستمی بەرگری و هێزی سەربازی دەنێرێتە بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی نەوت.

