رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا لە بەغدا دەکات، پابەندی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی ئاسمانیی ئەو وڵاتە نەبێت. باڵیۆزی عێراقیش لە تاران دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان دەستپێدەکەنەوە.
شەوی پێنجشەممە 01-10-2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا سەپاندنی سزاکانی ئەمریکای بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی وڵاتەکەدا بە ''نایاسایی و نامرۆڤانە'' وەسف کرد و رایگەیاند: ''ئەوە پیلانگێڕییەکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان''.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوەکەدا داوای لە عێراق کردووە، بە هیچ شێوەیەک پابەندی سزاکانی ئەمریکا نەبێت و بۆ ئاساییکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان هەنگاو بنرێت.
هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ''وێڕای رێزگرتن لە پەیوەندیی برایانەمان، سنووردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکان دژی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەو دوو وڵاتە دەزانین''.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ''سزاکانی سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران، جیا لە دروستکردنی کێشە بۆ سەتان هەزار گەشتیار، زیارەتکار، نەخۆش و خوێندکار، دژایەتیی ئاشکرای پەیوەندیی ستراتیژی و دۆستانەی هەردوو وڵات دەکات''.
هەر دوێنێ فەرزانە سادق، وەزیری رێگەوبانی ئێران لەگەڵ یاسر حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە تاران کۆبووەوە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تاران و بەغدا تاوتوێ کران.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا یاسر حەجاج ئاماژەی بەوە کردووە، وڵاتەکەی بەدواداچوون دەکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران.
باڵیۆزی عێراق لە تاران ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە دەستپێدەکەنەوە.
لە هەفتەی رابردووەوە و بەهۆی جێبەجێکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران، چەندین فرۆکەخانەی جیاواز لە ناوچەکە و جیهاندا گەشتەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە.
رۆژی سێشەممە 29ـی ئەیلوول، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، مۆڵەتێکی کاتی و سنوورداری دایە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ گەشتی ئاسمانی لەنێوان عێراق و ئێران.
مۆڵەتەکە تەنیا بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و گواستنەوەی "زیارەتکارانی ئێرانی"یە و واشنتن هۆشداری داوە کە ئەمە بە واتای هەڵگرتنی گشتیی سزاکان نییە، بەڵکو تەنیا رێگەپێدانێکی کاتییە.
وەک فەرزانە سادق دەڵێت، بەهۆی سەپاندنی سزاکانەوە، (رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی) سکاڵایان دژی ئەمریکا تۆمار کردووە.

