رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، 73 هەزار پرۆژەی تەواونەکراو لەسەرانسەری ئەو وڵاتە دا هەن و بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانە لەبەردەست دا نییە.
رۆژی چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، مەسعود نوسرەتی، لەکۆبوونەوەی جێگرانی هاوئاهەنگیی کاروباری ئاوەدانکردنەوە لەسەرانسەری وڵات لەشاری رەشت رایگەیاند، لەسەرانسەری وڵات دا زیاتر لە 73 هەزار پرۆژەی تەواونەکراو هەن.
بەگوتەی جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران، بەهای ئەم پرۆژانە نۆ هەزار تریلیۆن تمەنە، کە بەنرخی ئەمڕۆ دەکاتە زیاتر لە 35 ملیار و 280 ملیۆن دۆلار.
مەسعود نوسرەتی گوتی، بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆژانە نییە و دەبێت بەپشتبەستن بەفرۆشتنی دارایی و زەوییە حکومییەکان بۆ تەواوکردنیان بەکاربهێندرێت.
کورتهێنانی توندی بودجە و دابەزینی داهاتە نەوتییەکانی ئێران، بەتەواوی توانای وەبەرهێنانی لەئێران سەندووەتەوە و دەستی حکومەتی بۆ تەواوکردنی پرۆژە ژێرخانییەکان و پرۆژە نیوەچڵەکان بەتەواوی بەستووە.
ئەم دۆخە، حکومەتی خستووەتە ناو بنبەستێکی داراییەوە کە دەرچوون لێی بەبێ وازهێنان لەداراییە نیشتمانییەکان یان فرۆشتنی موڵک و ماڵی دەوڵەتی مەحاڵ دەردەکەوێت.


