رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ، دوای ئەوەی گوێبیستی گوتارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوون، تیمەکەی بڕیاریان دا تێکستی گوتارەکەی لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بگۆڕن.
پزیشکیان بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "تێکستێکمان ئامادە کردبوو، بەڵام دوای بیستنی گوتارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، تێڕوانینمان بۆی گۆڕدرا."
سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "من بەرگریم لە گەلی ئێران لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. گەلی ئێران، بە رەگ و ریشە قووڵەکانی و شارستانییەتە دەوڵەمەندەکەیەوە، ناتوانرێ لەنێو ببردرێ".
ئەم گۆڕانکارییە لە دەقی گوتارەکەیدا لە 81ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 23ـی ئەیلوولی 2026، دوای ئەوە هات کە ترەمپ لە گوتارەکەی هەڕەشەی "لەنێوبردن"ـی ئێرانی کرد و "زمانی هێز"ـی بەکارهێنا.
پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان لەم گۆڕانکارییە خستنەڕووی راستیی ئەو شتانە بوو کە "ئەمریکا بەسەر ئێران و جیهانیدا دەسەپێنێت."
پزیشکیان رەخنەی لە ئەمریکا گرت و گوتی: "ئەوان سەرپێچیی هەموو یاسا نێودەوڵەتی و چوارچێوە مرۆییەکان دەکەن. هیچ شتێک ناکەن جگە لە بەکارهێنانی هێز و کردەوەی نامرۆڤانە."
سەرۆککۆماری ئێران لە گوتارەکەیدا لە نیویۆرک، تۆمەتی پشتیوانیکردنی وڵاتەکەی بۆ تیرۆر رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئێران لە مێژوودا قوربانیی تیرۆر بووە، نەوەک بکەری."
پزیشکیان وێنەی کوژراوانی سڤیلی لە جەنگەکە بەرزکردەوە، لەنێویاندا وێنەی چەند منداڵێک کە لە هێرشێکدا بۆ سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە میناب و کۆمەڵگەیەکی وەرزشی لە لامەرد کوژرابوون، لەگەڵ وێنەیەکی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی وڵاتەکە.


.avif&w=3840&q=75)