رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەرپرسێکی ئاگادار لە دۆسیەکە، ئێران ئامادەیی نیشانداوە دانوستاندن بکات لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، کە پێشتر رەتیدەکردنەوە.
دیپلۆماتەکە ئەمڕۆ هەینی 06-11-2026 بە میدیای ئەمریکیی راگەیاند، ئێستا ئێران پێداچوونەوە بەو پێشنیازانەدا دەکات کە لەلایەن قەتەرەوە وەک نێوەندگیری سەرەکی پێشکێشی کراون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دەرفەتێکی نوێ لە دانوستاندنەکان کە لەدوای شکستی رێککەوتنی ئاشتیی مانگی حوزەیرانی رابردوو هاتە ئاراوە.
دەکرێ هەر سازشێک لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی هەنگاوێکی کاریگەر بێت بەرەو کۆتاییهێنان بە جەنگ.
بەرپرسێکی ئەمریکی و دیپلۆماتێکی ئاگاداری بابەتەکەش بە میدیای ئیسرائیلیان گوتووە، دەکرێ ئەنجامێکی هەوڵەکانی ئێستای قەتەرییەکان ئەوە بێت کە ئێران بڕیاری سنووردارکردنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی بدات.
دیپلۆماتەکە دەڵێت، لە پێشنیازی قەتەرییەکاندا باسی وەستاندنی تەواوەتیی یۆرانیۆم نەکراوە، بەڵام ئاماژە بەوە کراوە کە دەبێت نیگەرانییەکانی تایبەت بە یۆرانیۆمی بەرزپیتێندراو بڕەوێندرێنەوە و لە بەرامبەریشدا سزاکانی سەر تاران سووک دەکرێن.
ئەم هەوڵە نوێیە لە دوای شکستی گەورەی پارتی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکادا دێت کە رۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو و تێیدا دیموکراتەکان کۆنترۆڵی کۆنگرێسیان بەدەستهێنا.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی کۆمارییەکان ناڕەزایەتیی شەقامی ئەمریکی بوو بەرامبەر جەنگ و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.
دوای هەڵبژاردنەکان، ترەمپ رایگەیاند کە هیچ پلانێکی دەستبەجێی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان نییە، بەهۆیەوە نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ یەکەمجار لە دوای مانگی ئەیلوولەوە بۆ خوار 100 دۆلار دابەزی.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ پێنجشەممە لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی جیادا لەگەڵ هاوتا قەتەری و سعودییەکەی، هەوڵەکانی بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەی تاوتوێ کرد، هەروەها لەگەڵ هاوتاکانی لە ئیمارات، تورکیا، کوێت، قوبرس و ئوردنیش قسەی کرد.
لەلایەکی دیکەوە، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە مۆسکۆ چاوی بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کەوت و پەیامێکی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندە سەرۆکی رووسیا.
.jpg&w=3840&q=75)



