رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بودجەی ئێران دەڵێ، تاوەکو ئێستا نزیکەی 300 ترلیۆن تمەن پارەی گەنمی جووتیاران دابەش کراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵ دەدرێ لەم مانگەدا زۆربەی ئەو 100 ترلیۆنەی ماوە، دابەش بکرێ.
حەمید پوورمحەممەدی، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بودجەی ئێران سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جووتیاران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، تاوەکو دوێنێ پێنجشەممە 25-09-2026 نزیکەی 300 ترلیۆن تمەن (نزیکەی یەک ملیار و 282 ملیۆن دۆلار) پارەی جووتیارانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خەرج کراوە.
بەگوتەی حەمید پوورمحەممەدی، کۆی شایستە داراییەکانی جووتیاران دەگاتە نزیکەی 400 ترلیۆن تمەن (نزیکەی یەک ملیار و 709 ملیۆن دۆلار) کە ''هەوڵ دەدرێ زۆربەی ئەو پارەیەی ماوە، لەم مانگەدا دابەش بکرێ''.
ئەم ساڵ جووتیاران لە ئێران نزیکەی 14 ملیۆن تۆن گەنمیان هەبوو کە زیاتر لە چوار ملیۆن تۆنی تایبەت بوو بە پێنج پاڕیزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی یاسای بودجەی ئەم ساڵی هەتاویی ئێران، حکومەت 504 ترلیۆن تمەنی (نزیکەی دوو ملیار و 153 ملیۆن دۆلار) بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران تەرخان کردووە.


.jpg&w=3840&q=75)
