رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسداران دەڵێت، تاوەکو ئێستا ئەمریکا توانای کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمزی نەبووە و هێزەکانیان بۆ دووریی 400 کیلۆمەتریی رێڕەوە ئاوییەکە کشاونەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''ئەم دۆخە دەرخەری گۆڕانی هاوکێشە هەرێمییەکانە''.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 25-09-2026، حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێکی سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: ''ئەمریکا سەرەڕای هەبوونی هێزێکی دەریایی بەرفراوان، نەیتوانیوە تەنگەی هورمز کۆنترۆڵ بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی خوازراوی خۆی''.
بەگوتەی حوسێن موحیبی، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا 400 کیلۆمەتر لە سنووری تەنگەی هورمز دوورکەوتوونەتەوە و لە بەحرێن جێگیرن، ''ئەمەش بە واتای سەرکەوتنێکی گەورەی ئێران دێت''.
گوتەبێژی سوپای پاسداران دەڵێت، دۆخی ئێستای ناوچەکە و تەنگەی هورمز، دەرخەری گۆڕانی ''هاوکێشە هەرێمییەکان'' و بەرزبوونەوەی ''توانای بەرپەرچدانەوە''ـی ئێرانە لە کەنداو.
قسەکانی حوسێن موحیبی لەکاتێکدان کە رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، بە پشتبەستن بە داتاکانی کۆمپانیاکانی چاودێریی کەشتیوانی، ژمارەی ئەو کەشتییانەی رۆژی پێنجشەممە 24ـی ئەیلوول بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون، بۆ 9 کەشتی کەمیکردووە کە رۆژێک پێشتر 14 کەشتی بوون.
28ـی شوباتی 2026، جەنگی 40 رۆژە بە هێرشێکی فراوانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر تاران دەستیپێکرد کە تێیدا عەلی خامنەیی، رێبەری ئەو کاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی وڵاتەکە کوژران.
دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە، لە 2ی ئادارەوە، تاران وەک ستراتیژێکی جەنگەکە تەنگەی هورمزی داخست.
لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە کە 28ـی شوباتی ئەم ساڵ بە هێرشێکی فراوان و هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران دەستیپێکرد، هێزە چەکدارەکانی ئێران بە پاساوی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، چەندین جار بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو و کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت.



