رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران رایگەیاند، تورکمانستان رێگەی بە تێپەڕبوونی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بە ئاسمانی وڵاتەکەدا نەداوە، راشیگەیاند، "بەهۆی دەرنەکردنی مۆڵەت لەلایەن تورکمانستانەوە، گەشتی تاران بۆ دووشەنبەی تاجیکستان، ناچار بوو بگەڕێتەوە تاران."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-09-2026، مەجید ئەخەوان، گوتەبێژی رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، تورکمانستان رێگە بە تێپەڕبوونی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بە ئاسمانی وڵاتەکەدا نادات.
مەجید ئەخەوان ئاماژەی بە ئاستەنگیی تێپەڕبوونی فڕۆکەیەکی سەر بە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئێران کرد بە ئاسمانی تورکمانستاندا و گوتی: "بەهۆی دەرنەکردنی مۆڵەت لەلایەن ئەو وڵاتەوە، گەشتی تاران بۆ دووشەنبەی تاجیکستان، ناچار بوو بگەڕێتەوە تاران."
رۆژی دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (سی ئێن بی سی)ـی ئەمریکی، لەبارەی بەردەوامی گوشارەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەر ئێران گوتی، "لە 23ـی ئەیلوولدا هەموو هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لە سەرانسەری جیهاندا دادەخرێن."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریی تووندی دایە فڕۆکەخانەکان و کۆمپانیا بیانییەکان لە پێشکەشکردنی هەر جۆرە خزمەتگوزارییەک بۆ فڕۆکەکانی ئێران و گوتی، "ئەگەر ئەو فڕۆکانە لە هەر شوێنێک بنیشنەوە، رێگەیان پێنادرێت سووتەمەنییان پێبدرێت، ناتوانن خزمەتگوزاریی نیشتنەوە و فڕۆکەخانەیان بۆ دابین بکەن، هەروەها ناتوانن هیچ تیکتێکیان پێ بفرۆشن، بە پێچەوانەوە هەر لایەنێک ئەو کارە بکات، لە سیستەمی دارایی دۆلار دەردەکرێت."
ئەم سزایانە لە کاتێکدان کە ئەمریکا و ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە لە جەنگدان، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییە باڵاکان کوژران.
تاران لە بەرامبەردا دەستی بە گەمارۆدانی تەنگەی هورمز کرد، کە رێڕەوێکی ستراتیژیی گواستنەوەی وزەی جیهانییە، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئەمریکا سزای بەسەر سەرجەم ئەو هێڵە ئاسمانییە ئێرانییانەدا سەپاند کە پێشتر سزایان لەسەر نەبوو، هاوکات ئەو کۆمپانیا بیانییانەشی خستە لیستی رەشەوە کە لە دەرەوەی ئێران خزمەتگوزارییان پێشکەش بە کەرتی فڕۆکەوانیی تاران دەکرد.
کەرتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران چەندین ساڵە بەدەست سزاکانی ئەمریکاوە دەناڵێنێت، کە بەهۆیەوە ئاڵنگاری گەورەی لە کڕینی فڕۆکەی نوێ، دەستکەوتنی پارچەی یەدەگ و نۆژەنکردنەوەدا بۆ دروستبووە.



