رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دەداتە واشنتن لەوەی ئەگەر خولێکی نوێی جەنگ لە نێوانیاندا دەستپێبکات، ئەوا بازنەی هێرشە مووشەکی و دەریاییەکانیان تاوەکو زەریای هیند فراوان دەکەن؛ دەشڵێت، هەڕەشە بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن، هەڕەشەیە بۆ سەر تاران.
یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکاری موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی قۆناخی داهاتووی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا، بەرەی بەرەنگاربوونەوەمان زۆر فراوانتر دەبێت؛ ئەم هێرشانەی ئێستا لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای سووردا دەکرێن، لەوانەیە پەل بهاون تاوەکو زەریای هیند و ناوچەکانی دیکەش بگرێتەوە."
سەفەوی باسی لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی تاران و گرووپی ئەنساروڵڵای حووسییەکان لە یەمەن کرد و گوتی: "ئێران و یەمەن بەرژەوەندی و هەڕەشەی هاوبەشیان هەیە؛ ئێمە بەرگری لە یەمەنییەکان دەکەین و ئەوانیش بەرگری لە ئێمە دەکەن، هەر هەڕەشەیەکیش بۆ سەر یەمەن راستەوخۆ هەڕەشەیە بۆ سەر ئێران."
راوێژکارەکەی موجتەبا خامنەیی هۆشداریشی دا کە "هیچ هاوکێشە و رێکخستنێکی نوێی ئەمنی لە ناوچەکەدا بەبێ بەشداریکردنی ئێران سەرناگرێت و ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت."
ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدان کە لە دوای هێرشەکانی 28ـی شوباتەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخستووە و لە بەرامبەریشدا حووسییەکان لە تەنگەی بابولمەندەب هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان چڕکردووەتەوە؛ ئەم ئاڵۆزییە دەریاییانەش وایکرد نرخی نەوت لە 72.5 دۆلارەوە بۆ 120 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزببێتەوە.



