رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، وڵاتانی ئەورووپی بە پاڵپشتیکردن لە ئەمریکا، رۆڵی خۆیان لە رەوتی رووداوەکانی ناوچەکەدا لەدەستداوە. دەشڵێت: ''لە جەنگی نێوان تاران و واشنتندا بێهەڵوێستیمان لە ئەورووپا بینی، بەڵام بێلایەنیمان نەبینی''.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-09-2026، میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە لە پەراوێزی 81ـەمین کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی میدیای ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بە میکانزیمی سناپباک کردووە و رایگەیاندووە: ''هەنگاوەکانی ئەوروپییەکان لەم پرسە و رێککەوتنی ئەتۆمیدا، هەروەها کاریگەریی هەنگاوە دووژمنکارانەکانی ئەمریکا بە سەریانەوە، بووە هۆی ئەوەی لە بازنەی کاریگەری لە پێشهاتە نێودەوڵەتییەکاندا بچنە دەرەوە''.
سەرۆککۆماری ئێران داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد بە هەڵوێستەکانیان بەرامبەر وڵاتەکەیدا بچنەوە و سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن؛ ''ئێمە لە جەنگی دواییدا لەگەڵ واشنتن، لە هەندێک وڵاتی ئەورووپی بێهەڵوێستیمان بینی، بەڵام بێلایەنیمان نەبینی''.
مەسعود پزیشکیان پێیوایە، ''دەستوەردان''ـی وڵاتانی رۆژئاوایی ئاسایشی ناوچەکە و جیهانی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە، ''ئەگەر کەسێک بەدوای هۆکاری رووداوەکانی ئەم دواییەدا دەگەڕێت، دەبێ سەرنج بداتە کردەوەی حکومەتە رۆژئاواییەکان''.
هاوکات میدیای ئێران بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا لە دیدارەکەدا داوای رۆڵگێڕانی لە پێشهاتەکانی ناوچەکەدا کردووە و پزیشکیانیش وەڵامی داوەتەوە، ''ئەورووپییەکان بە شوێنکەوتنی ئەمریکا، خۆیان لەم رۆڵگێڕانە بێبەش کرد.''
دوای 10 ساڵ لە هەڵگرتنەوەیان، کاژێر 3:00ـی بەرەبەیانی 28ـی ئەیلوولی 2025، سزای بەرفراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا سەپێنرانەوە.
ئەو سزایانەی بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 هەڵگیرابوون، دوای ئەوە سەپێنرانەوە کە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا "میکانیزمی سناپباک"، یان سەپاندنەوەی خێرای سزاکانیان کاراکرد کە لە رێککەوتنەکەدا هاتووە. ئەورووپییەکانیش تارانیان بە پابەندنەبوون بە بەڵێنەکانییەوە سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی تۆمەتبار کرد.
هاوکات واشنتن داوای لە تاران کرد لەسەر پرسی ئەتۆمی، گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکادا بکات. هەرچەندە دەست بە گفتوگۆش کرا، بەڵام دواتر دوو جەنگی فراوانی 12 رۆژە و 40 رۆژە لەنێوانیان روویدا.
ئێستا تاران وڵاتانی ئەورووپی بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە سەرەتای سەپاندنەوەی سزاکانەوە تاوەکو جەنگەکانی 12 رۆژە و 40 رۆژەش، دژی ئێران پاڵپشتیی ئەمریکا دەکەن.



.jpg&w=3840&q=75)