رووداو دیجیتاڵ
قەرارگەی ناوچەیی قودسی سوپای پاسداران پشتڕاستی کردەوە، لە تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لە سەراوانی سیستان و بەلووچستان، فەرماندەیەکی باڵای سوپاکە کوژراوە؛ هاوپەیمانییەکی لایەنە سوننە بەلووچەکانیش بەرپرسیارێتییەکەیان گرتووەتە ئەستۆ.
رووداوەکە شەوی چوارشەممە 24-09-2026 لە سەراوانی سەر بە سیستان و بەلووچستانی ئێران روویداوە. قەرارگەی ناوچەیی قودسی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لەکاتی تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ ژمارەیەک چەکدار کە بە ''تیرۆریستی بەکرێگیراو'' ناوی بردوون، حوسێن زەریفی، فەرماندەیەکی باڵای سوپاکە کوژراوە.
حوسێن زەریفی، پلەی عەمیدی لە هێزی وشکانیی سوپای پاسداراندا هەیە و فەرماندەی قەرارگەی ئۆپەراسیۆنەکانی سەجادی سەراوان بوو. کوژرانەکەی لەکاتێکدایە، دوێنێ سوپای پاسداران پشتڕاستیشی کردەوە، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا، هەڵیانکوتاوەتە سەر دوو ماڵ لە سەراوان کە بەگوتەی خۆیان شوێنی مانەوەی ''گرووپی تیرۆریستی'' بوون.
وەک لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا جیا لە کوژرانی هەشت کەس لەنێو ماڵەکاندا، ژمارەیەک کەسیش دەستگیرکراون کە پلانی ''تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە''ـیان هەبووە.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا ئەوەش هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا یەکێک لە ئەندامانیان کوژراوە، بەڵام ئاماژە بەوە نەکراوە، کە حوسێن زەریفییە یان کەسێکی دیکە.
سەراوان سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستانە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و دەکەوێتە سنووری پاکستان، زۆرینەی دانیشتووانەکەی بەلووچ و سوننەن. لەم ساڵانەی دواییدا لەو پارێزگایە چەندین هێرشی چەکداری لە دژی پۆلیس و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران کراون.
گرووپی "جەیشولعەدل" کە گرووپێکی چەکداریی بەلووچەکانە و دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاکی دەکرد، ناوەناوە هێرشی دەکردە سەر بنکە و بارەگا ئەمنی و سەربازییەکان لە ناوچەکە، بەڵام ئێستا لەگەڵ لایەنە سوننەکانی دیکەی بەلووچ، هاوپەیمانیی ''بەرەی خەباتگێڕانی خەڵک''ـیان پێکهێناوە و پێکەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی هێزە ئەمنییەکان دەکەن.
ئەو هاوپەیمانییە لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی کوژرانی حوسێن زەریفی گرتووەتە ئەستۆ و بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی سەربازیدا، جیا لەو فەرماندەیە، بە دەیان ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران، کوژراون و بریندار بوون.
هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا جیا لە حوسێن زەریفی ئاماژە بە کوژرانی ئەحمەد هەراتی، جێگری فەرماندەی قەرارگەی سەجادی سەراوانیش بۆ کاروباری پاراستن کراوە.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)