رووداو دیجیتاڵ
نێرگس محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی ئێران و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەڵێ، کاریگەرییەکانی جەنگ، گوشاری ئابووریی سزاکانی ئەمریکا و ''سەرکوت''ـی نێوخۆیی کاریگەری گەورەیان لەسەر هاووڵاتییانی ئێران هەبووە و هیچ ''بوارێک بۆ هەناسەدان''ـیان نەماوە.
ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ نێرگس محەممەدی، چالاکڤانی مافی مرۆڤ لە ئێران، زیندانیی سیاسی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بڵاوکردوەتەوە.
نێرگس محەممەد کە ئێستا بەهۆی باری تەندروستییەوە بە کەفالەت ئازاد کراوە، باسی لە دۆخی ئابووری و ئەمنیی وڵاتەکەی کردووە و دەڵێ: ''هەموو کات خەڵک باجە قورسەکە دەدات. ئەوان بەهۆی بەردەوامیی جەنگ و زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکان و سزاکانی ئەمریکاوە، رووبەڕووی چەندین قەیران بوونەتەوە''.
بەگوتەی ئەو زیندانییە سیاسییە، دوای جەنگ ''سەرکوت''ـی نێوخۆیی حکومەتی ئێران بۆ سەر خەڵک زیادیکردووە، ''بەڵام بەشێک لە کۆمەڵگە، بەتایبەتی نەوەی نوێ، هێشتا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان رژدن''.
وەک نێرگس محەممەدی دەڵێ، سەرەڕای دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکڤانی ئێرانی، ''ئەگەر بچیتە سەر شەقامەکان، شەپۆلێک لە بەرەنگاربوونەوە، هۆشیاری و رژدبوونی خەڵک بۆ وەستانەوە لەپێناو مافەکانیان دەبینیت.''
نێرگس محەممەدی تەمەن 53 ساڵ، لە 25 ساڵی رابردوودا چەندین جار دەستگیرکراوە و سزادراوە، ئەوەش بەهۆی هەڵمەتە بەردەوامەکانی دژی "سزای لەسێدارەدان" و "باڵاپۆشیی زۆرەملێ" لە ئێران. محەممەدی زۆربەی رۆژەکانی 10 ساڵی رابردووی لە زیندان بەسەر بردووە.
پێشتریش لە کانوونی یەکەمی 2024دا، نێرگس بۆ ماوەی سێ هەفتە بە هۆکاری پزیشکی بە کەفالەت ئازاد کرا، بەڵام دوای ئەوەی نەشتەرگەریی لادانی گرێ و چاندنی ئێسکی بۆ کرا، دووبارە گەڕێندرایەوە زیندان.
نێرگس محەممەدی لە ساڵی 2023 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا. لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا خۆی لە زیندان بوو.


