رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە لە ژووری بازرگانیی تاران دەڵێت، تێچووی گواستنەوەی کۆنتێنەرێکی بار لە چینەوە بۆ ئێران لە 2800 دۆلارەوە بۆ 13600 دۆلار بەرزبووەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەناردەکردن بۆ پاکستان وەستاوە و هەزاران بارهەڵگر لە سنوورەکانی پاکستان و تورکیا راگیراون.
رۆژی پێنجشەممە، 29 تشرینی یەکەمی 2026، بەرپرسانی کەرتی گواستنەوە و بازرگانیی ئێران هۆشدارییان دا لە بەرزبوونەوەی بێپێشینەی تێچووی هاوردەکردن، گیرخواردنی هەزاران بارهەڵگر لە سنوورەکانی پاکستان و تورکیا و نادیاریی چارەنووسی بارە ئێرانییەکان لە بەندەرەکانی وڵاتانی دراوسێ؛ ئەم کێشانەش هاوکات لەگەڵ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران و زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکانی واشنتن قووڵتر بوونەتەوە.
پەیمان سەنەندەجی، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە لە ژووری بازرگانیی تاران رایگەیاند، تێچووی گواستنەوەی کۆنتێنەرێکی 40 پێی لە چینەوە بۆ ئێران لە نزیکەی 2،700 دۆلارەوە بۆ 13600 دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی کۆتایی کاڵا، بەتایبەت کاڵا سەرەکییەکان دەبێت.
سەنەندەجی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا زیاتر لە چوار هەزار بارهەڵگر لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و تورکیا، وەکو بازرگان، سێرۆ و رازی راگیراون و کێشەی سەرەکیش درێژبوونی ماوەی چاوەڕوانییە بۆ پەڕینەوە لە سنوور.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ژووری بازرگانیی تاران، هەناردەکردن بۆ پاکستان بە تەواوی وەستاوە و لە دەروازی سنووریی شەلامچەش لەسەر سنووری عێراق کێشە هەیە و چارەسەر نەکراون.
سەرۆکی لیژنەی گواستنەوەی ژووری بازرگانیی تاران رایگەیاند، لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی ئێران لە ئیسلامئاباد، خەریکی بەدواداچوونن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بارەکان و بڕیارە لیستی خاوەن کاڵاکان بۆ لایەنی پاکستانی بنێردرێت.
بە گوتەی پەیمان سەنەندەجی، لەم دۆخەدا هاوردەکردنی کاڵا سەرەکییەکان، دەرمان و کەرەستەی خاوی کارگەکان خراونەتە پێشنۆرەیی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.
هاوکات، ئیحسان مەلیکزادە، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نێودەوڵەتیی ئێران رایگەیاند، ماوەی راگرتنی بارەهەڵگرەکان لە هەندێک لە سنوورەکان گەیشتووەتە 10 بۆ 15 رۆژ.
بە گوتەی مەلیکزادە، تێچووی گواستنەوەی کاڵا لە تورکیاوە بۆ ئێران گەیشتووەتە نزیکەی حەوت هەزار دۆلار، کە هۆکارەکەی راگرتنی بارهەڵگرە ئێرانییەکانە بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر سنوور و کەمبوونی بارهەڵگرە لە تورکیا.
مەلیکزادە ئاشکرای کرد، نزیکەی 3600 بارهەڵگر لە سنووری میرجاوە لەگەڵ پاکستان راگیراون، هەرچەندە هاتووچۆ لەو سنوورە بە تەواوی نەپچڕاوە. ئاماژەشی بەوە کرد، کە بەشێک لە کۆنتێنەرەکان کە کاڵای هاوردەکراوی ئێرانیان لێیە، لە کاتی شەڕەوە لە پاکستان و وڵاتانی کەنداو ماونەتەوە و ماوەی راگرتنی هەندێکیان گەیشتووەتە حەوت بۆ هەشت مانگ، ئەمەش تێچوویەکی زۆری کۆگاکردن و سزای دواکەوتنی خستووەتە سەر خاوەن کاڵا ئێرانییەکان.
بە گوتەی مەلیکزادە، لەم ماوەیەدا تێچووی کۆگاکردن و سزای دواکەوتنی کۆنتێنەرەکان بەرزبووەتەوە و خاوەن کاڵاکان بۆ گواستنەوەی بارەکانیان بۆ ناو ئێران رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە.
"گەمارۆی دەریایی کاریگەری لەسەر هاوردەکردنی کاڵا بۆ ئێران دروستکردووە"
پەیمان سەنەندەجی، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە لە ژووری بازرگانیی تاران ئاماژەی بە بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە کرد و رایگەیاند، پێشتر زیاتر لە 70 بۆ 75%ی ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتیی کاڵاکانی ئێران لە رێگەی دەریاوە ئەنجام دەدرا، بەڵام ئێستا گەمارۆی دەریایی کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی هاوردەکردنی کاڵا بۆ ناو ئێران داناوە.
هاوكات، ئیحسان مەلیکزادە ئاماژەی بەوە کرد کە پێش سنووردارکردنەکانی ئەم دواییە، نزیکەی 80%ی هاوردەکردن و 70%ی هەناردەکردنی ئێران لە رێگەی دەریاوە بووە؛ روونیشیکردەوە کە ئێستا بەشێک لەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییانە گواستراونەتەوە بۆ رێگە وشکانییەکان و دەروازە سنوورییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش وایکردووە گوشارێکی زۆر بکەوێتە سەر توانای گواستنەوەی جادەیی و هێڵی ئاسنی ئەو وڵاتە.
واشنتن کەمپەینی "دوورخستنەوەی ئابووری" دژی ئێران چڕتر دەکاتەوە
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە مانگەکانی رابردوودا، جیا لە گەمارۆی دەریایی، سەپاندنی سزا و سنووردارکردنە دارایی و بازرگانییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانی چڕتر کردووەتەوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە 25ی ئابی 2026ـەوەە کەمپەینێکی بە ناوی "دوورخستنەوە ئابووری" دەستپێکردووە، کە ئامانجەکەی بریتییە لە بڕینی پەیوەندییە داراییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران، بلۆککردنی رێگەکانی دەربازبوون لە سزاکان و سنووردارکردنی داهاتە نەوتییەکانی ئێران.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، رۆژی 27ی تشرینی یەکەم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن بی سی، ئەو کەمپەینەی بە "زۆر سەرکەوتوو" ناو برد و رایگەیاند، "هەڵسەنگاندنە ناوخۆییەکان دەریانخستووە کە پێدەچێت ئابووریی ئێران لە ماوەی ساڵێکدا تاوەکو 25% بچووک ببێتەوە."
لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئێران دەڵێن، پلانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا داناوە و رێگە نادەن واشنتن لە رێگەی گوشاری ئابوورییەوە بگاتە ئامانجەکانی.

.webp&w=3840&q=75)

