رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵێ، بە سازشکار زانینی بەرپرسانی وڵاتەکەی ''ناپاکییەکی گەورەیە". ئاماژە بەوەش دەکات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی، زۆربەی خەڵک لەگەڵ ''کۆتاییهێنانێکی سەربەرزانە''ـی جەنگن.
ئەمڕۆ شەممە 19-09-2026، عەلی زەینیوەند، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند: "ئەگەر گرووپێک سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری دەرەوە و دیپلۆماتکارە کارامەکانمان، کە لەسەر بنەمای پێکهاتەی فەرمیی وڵات و رێسا دیاریکراوەکان سەرقاڵی داڕشتن و ئامادەکردنی پاکێجی دیپلۆماسین، بە سازشکار بزانن، ئەوە ناپاکییەکی گەورەیە."
عەلی زەینیوەند ئاماژەی بە رۆڵی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کرد لە بەرگریکردن لە ئێران و گوتی: ''ئەوان بە هەموو تواناوە لە بەرامبەر دەستدرێژیکار وەستاونەتەوە و رێگری لە هێرشەکان دەکەن، ئەگەر کەسانێک بە شەڕانگێزیان بزانن، ئەوەش ناپاکییە.''
بەگوتەی زەینیوەند، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی خەڵکی ئێران خوازیاری ''بەرگریی سەربەرزانە'' و ''خۆڕاگری''ـن لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکادا؛ ''زۆربەشیان کۆتاییهێنانێکی سەربەرزانەی جەنگ و بەهێزکردنی دیپلۆماسییان دەوێت؛ بۆیە دەبێ ویستی خەڵک بە تەواوی لەبەرچاو بگیرێت.''
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، تاران وەک ستراتیژێکی جەنگەکە تەنگەی هورمزی داخست. لە 14ی تەممووزەوە ئەمریکا گەمارۆی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە. بەرپرسانی ئەمریکا کردنەوەی تەنگەی هورمز بە پێشمەرجێک بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکەیان بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا دادەنێن. ئێرانیش هەڵگرتنی گەمارۆکە بە مەرجی کردنەوەی تەنگەکە دادەنێت.
دوای نێوەندگریی وڵاتانی وەک قەتەر و پاکستان، 18ـی ئایار بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان تاران و واشنتن واژۆ کرا، بەڵام زۆری نەخایاند هەردوو لا یەکدییان بە پێشێلکردنی خاڵەکانی لێکتێگەیشتنەکە تۆمەتبار کرد و نێوخۆی ئێرانیش بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوو کە بەرەیەکیان بە هەموو شێوەیەک دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا رەت دەکەنەوە و بە ''سازشکردن'' لەسەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی دەزانن، بەڵام بەرەیەکیش هێشتا لەگەڵ درێژەدان بە دیپلۆماسین.
سەرەڕای بەردەوامیی هەوڵی وڵاتانی نێوەندگیریش، تاوەکو ئێستا ئاسۆی چارەسەری دیپلۆماسیی جەنگی نێوان تاران و واشنتن روون نییە.



