رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئەمریکا کەوتووەتە نێو ''بنبەستێکی ستراتیژی''ـیەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''ئەوان هەر دوو رێگەی دانوستاندن و جەنگ لەگەڵ ئێران بە داخراو دەبینن و تێیدا هیچ دەستکەوتێکیان نابێ''.
ئەمڕۆ شەممە 19-09-2026، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، جەنگ و داخرانی تەنگەی هورمز، کاریگەریی زۆری لەسەر ئابووریی ئەمریکا داناوە، ''بە جۆرێک کە داهات و خەرجیی خەڵکی ئەم وڵاتە یەکناگرنەوە.''
بەگوتەی ئیبراهیم عەزیزی، واشنتن لە بەرامبەر تاراندا شکستی هێناوە؛ ''ئێستا ئەمریکییەکان لە کێشە نێوخۆییەکانیاندا کەوتوونەتە گیانی یەکدی و لە بنبەستێکی ستراتیژیدان.''
وەک سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، بەرپرسانی ئەمریکا هەردوو رێگەی دانوستاندن و جەنگ لەگەڵ ئێران بە داخراو دەبینن، ''ئێمە بەرەو داخستنی رێگە ستراتیژییەکانمان بردوون و ئەوانیش بە تەواوی هەستیان پێکردووە.''
قسەکانی ئیبراهیم عەزیزی لەکاتێکدان، دوێنێ هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیایەکی وڵاتەکەی راگەیاند: ''ئێرانییەکان دەیانەوێ رێکبکەون، چونکە لە هەموو روویەکەوە خەریکە دەدۆڕێن، بەڵام ئەگەر رێککەوتنەکە دروست و گونجاو نەبێت، تەنانەت بیریشی لێ ناکەمەوە".
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو: "ئێران لە رووی داراییەوە دەدۆڕێ، لە رووی سەربازییەوە دەدۆڕێ و لە هەموو لایەکەوە لە شکستدایە.''
هاوکات لە درێژەی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر بەندەرەکانی ئێران، رۆژی 24ی ئاب سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا شەپۆلێکی نوێی سزاکانی بەسەر وڵاتەکەدا راگەیاند و سزاکان ئەو کۆمپانیا و وڵاتانەشی گرتەوە کە بازرگانی لەگەڵ ئێراندا دەکەن.


