رووداو دیجیتاڵ
محەممەدباقر زولقەدر، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی رایگەیاند، ئێران تەنگەی هورمز ناکاتەوە تاوەکو ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل "لە دەسەڵات لادەدرێن."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ی ئەیلوولی 2026، میدیای فەرمیی ئێران راگەیێندراوێکی محەممەدباقر زولقەدر، راوێژکاری سیاسیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت، گەلی ئێران دوای پەنجا ساڵ خۆڕاگری، بڕیاری داوە "شاخی دووژمنی دەستدرێژکار بشکێنێت و دەستی جیهانخۆرانی نەوتخۆر بۆ هەمیشە لەم خاکە پاکە ببڕێت."
راوێژکاری سیاسیی رێبەری ئێران ئاماژەی بە تێپەربوونی 200 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران دەکات و دەڵێت، ئێران بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل؛ هاوکات مانەوەی تەنگەی هورمز بە داخراوەیی وەک "یەکەم قۆناخی تۆڵەسەندنەوەی گەلی ئێران" وەسف دەکات.
تەنگەی هورمز، کە گرنگترین رێڕۆی وزەی جیهانە، ئێستا لەلایەن ئێرانەوە داخراوە و وەک کارتێکی گوشاری سەرەکی لەلایەن تارانەوە بەکاردێت بۆ ئەوەی واشنتن ناچار بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بکات و پابەندی لێکتێگەیشتنەکەی ئیسلامئاباد بێت.
محەممەدباقر زولقەدر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کوژراوانی هێرشەکانی سەر میناب و لامەرد و ژمارەیەک لە هێزە سەربازییەکانی ئێران کرد و رایگەیاند، "ئێران تۆڵەی کوژراوانی دەکاتەوە."
محەممەدباقر زولقەدر، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانە، کە لە 9ی ئابی 2026ـەوە بە بڕیاری موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەکو راوێژکاری سیاسیی رێبەر دەستنیشان کرا.
بەر لەوەش و دوای کوژرانی عەلی لاریجانی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، زولقەدر لە 24ی ئاداری 2026ـەوە تاوەکو 9ی ئابی 2026 وەکو سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دیاریکرابوو.
