رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، هۆشدارییەکی تووند دەداتە واشنتن و دەڵێت، ئەگەر ئەمریکا دەڵێت تەنگەی هورمزی لەژێر کۆنترۆڵیدایە، با یەکێک لە کەشتییە جەنگییەکانی نزیکی سنوورەکانی ئێران بکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، عەلی محەممەدی، جێگری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، شەوی شەممە لە گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی دەسەڵاتدا لە شاری مەشهەد لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئاماژەی بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز کرد و گوتی: "ئەگەر وایە، یەکێک لە کەشتییە جەنگییەکانتان بهێننە مەودای 100 کیلۆمەتریی ئێمەوە."
ئەو بەرپرسە باڵایەی سوپای پاسداران رایگەیاند، "ئەمریکییەکان باش دەزانن کە ئەگەر کەشتییەکانیان لەو ناوچانە نزیک ببنەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندان، لەلایەن هێزەکانمانەوە وەڵام دەدرێنەوە."
بەگوتەی عەلی محەممەدی، بەهۆی زنجیرە رێکارەکانی ئێرانەوە، ئەمریکا ناچار بە پاشەکشە لە ناوچەکە کراوە.
جێگری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ کاروباری سیاسی دەڵێت: "ئەمڕۆ لە کەنداو، دەریای عوممان و تەنگەی هورمز هیچ سەربازێکی ئەمریکی بوونی نییە. ئەگەر ئەمریکییەکان نزیکی ناوچە قەدەخەکراوەکان ببنەوە، خۆیان دەزانن چ چارەنووسێک چاوەڕوانیان دەکات."
محەممەدی دەشڵێت، بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکەدا "لەکارکەوتوون."
بەگوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، "هەر کەشتییەک لە ئاراستەی کوێت و بەحرەینەوە بجووڵێنرێت، بێ ئەملا و ئەولا لەژێر چاودێریی وردی چەکدارانی هێزی دەریایی سوپای پاسداراندایە و لە ئەگەری هەر جۆرە پێشێلکارییەک، بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."
عەلی محەممەدی باسی لەوەش کرد، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر هەندێک ئامانج لەناو خاکی ئێران، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر (باڵادەستیی هەواڵگریی) ئێران لە تەنگەی هورمزدا نەبووە و سیستمێکی بەرگریی چەندلایەنە لە دوورگەی (سیری)یەوە تاوەکو (کێوی موبارەک) بە چالاکی ماوەتەوە.



