رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئەوان کێشەیان لەگەڵ هیچ وڵاتێکی ناوچەکەدا نییە و کێشەی ئەوان لەگەڵ بنکەکانی ئەمریکایە؛ دەشڵێت، لەگەڵ سعودیە لە جەنگدا نین و حووسییەکان کێشەی خۆیانیان هەیە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای هیندستان رایگەیاند، "ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئیماراتدا نییە. ئێمە لەگەڵ هیچ وڵاتێکی ناوچەکەدا کێشەمان نییە. کێشەی ئێمە لەگەڵ بنکەکانی ئەمریکایە کە لەو وڵاتانەدا جێگیرکراون و لەوێوە هێرشمان دەکەنە سەر."
رۆژی 28ـی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. بیانووی بەرپرسانی ئێران بۆ ئەو هێرشانەیان بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بووە لەو وڵاتانەدا.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعودیە، پزیشکیان گوتی، "ئێمە لە جەنگدا نین لەگەڵ سعودیە و حووسییەکان کێشەی تایبەتیی خۆیانیان هەیە."
حووسییەکان بە گرووپێکی چەکداری نزیک لە ئێران دادەنرێن و لە 3ـی ئەیلوولەوە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەن. لەو کاتەوە چەند جارێک حووسییەکان هێرشیانکردووەتە سەر سعودیە و ئەو هێزانەی کە حووسییەکان بە نزیک لە سعودیەیان دادەنێن.
حووسییەکان، سعودیە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە 10 رۆژی رابردوودا 129 هێرشیانکردوونەتە سەر.
سەبارەت بە تەنگەی هورمزیش، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "رۆژی دووشەممە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی کە دەیانویست ئێمە لەگەڵ یەکدیدا بەشەڕ بێین، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ عوممان دەبێت تاوەکو جۆرێک لە رێککەوتنیان هەبێت سەبارەت بە تەنگەی هورمز و رێکخراوێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە پرسەکە رادەگەیێندرێت. بۆیە، لە چوارچێوەی بنەما دانراوە نێودەوڵەتییەکاندا، رێڕەوە ئاوییەکە دەکرێتەوە بەو مەرجەی ئەمریکا کۆتایی بە گەمارۆکەی و چالاکییە ترسنۆکانەکانی بهێنێت."
لە 2ـی ئادارەوە ئێران تەنگەکەی بە رووی کەشتییەکاندا داخستووە. بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی دەریایی، پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەو تەنگەیەدا هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا، لەو کاتەوە بە تێکڕا کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ هەر رۆژێک هەناردەکراوە.
لە 14ـی تەممووزیشەوە ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و بەگوێرەی سێنتکۆم، لەو کاتەوە ئاراستەی لانیکەم 100 کەشتییان گۆڕیوە کە دەیانویست گەمارۆکە بشکێنن.



