رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکان رایانگەیاند، بە بەکارهێنانی درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازی لە باشووری سعودیە، لە کاتێکدا سەرهەڵدانەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی یەمەن بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زیاتری هاووڵاتییانی مەدەنی.
رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هێرشەکەی سەر بنکەی شەرورە لە باشووری سعودیە ناوەندەکانی بەڕێوەبردن و کۆگای چەکەکانی کردووەتە ئامانج کە سەرپەرشتیی هێرشەکان دەکەن دژ بە گەلەکەیان.
ئەم هێرشە دوای هێرشێکی حووسییەکان دێت کە بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی بەشەکەی دیکەی کەناراوەکانی دەریای سوور و چەندین دوورگەی ستراتیژی لەلایەن ئەو گرووپەوە، بەمەش دەسەڵاتی خۆیان لەسەر تەنگەی بابولمەندەب بەهێزتر کرد.
تەنگەی بابولمەندەب بووەتە شادەمارێکی سەرەکی بۆ هەناردەکردنی نەوتی سعودیە، دوای ئەوەی ئێران لە سەرەتای جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گەمارۆدانی تەنگەی هورمز رێڕەوی هەناردەکردنی نەوتی بەربەست کرد. تەممووزی ئەمساڵ، حووسییەکان گەمارۆی دەریایی خۆیان بۆ سەر بەندەرەکانی ریاز لە دەریای سووردا راگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی یەمەن (سەبا) رۆژی شەممە بڵاویکردەوە، هێزەکانی حکومەت ئۆتۆمبێل و چەکەکانی حووسییەکانیان تێکشکاندووە و چەندین چەکداریان لە نزیک بەندەری موخا کوشتووە. لە بەرامبەردا، حووسییەکان رایانگەیاند، لە 48 کاژێری رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە 129 هێرشی ئاسمانییان کردوونەتە سەر.
رەتکردنەوەی داواکارییەکەی سعودیە لەلایەن ترەمپەوە
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردووەتەوە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە هەفتەی رابردوو دوو جار پەیوەندیی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە کردووە تاوەکو داوای لێبکات هێرشی ئاسمانی بکەنە سەر حووسییەکان، بەڵام داواکارییەکەی رەتکراوەتەوە.
رۆژی شەممە، ترەمپ دانینا بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ بن سەلمان، بەڵام گوتی، حووسییەکانیش پەیوەندییان پێوە کردوون و "نایانەوێت شەڕ لەگەڵ ئێمە بکەن." ترەمپ روونی نەکردەوە کە ئایا واشنتن چ رێکارێک دەگرێتەبەر، بەڵام بە رۆژنامەڤانانی گوت: "هەموو شتێک بەباشی و بە ئارامی چاکدەکرێتەوە."
شەڕی ناوخۆی یەمەن کە لە ساڵی 2014 بە دەستبەسەرداگرتنی سەنعای پایتەخت دەستی پێکرد، دوای ئاگربەستی ساڵی 2022 هێور ببووەوە، بەڵام لە مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە بەخێرایی سەریهەڵدایەوە. لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی دواییدا زیاتر لە 500 کەس کوژراون.


